هێرشێکی خۆکوژی لە ناوچەی سوات لە باکووری پاکستان بووە هۆی کوژران و برینداربوونی دەیان کەس. ئەم تەقینەوەیە ڕۆژی یەکشەممە لە چوارڕیانێکی قەرەباڵغی نزیک بنکەی پۆلیس و هاوکات لەگەڵ گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتیی کۆمەڵگەی مەدەنی ڕووی دا. فەدا حوسێن، جێگری پشکنەری گشتیی پۆلیسی سوات، بە ئاژانسی هەواڵی فڕەنسی گوتی هێرشبەرە خۆکوژەکە ویستوویەتی بچێتە نێو بنکەی پۆلیسی شوێنی چوارڕیانەکە، بەڵام کارمەندانی پۆلیس لە دەروازەی سەرەکی ڕێگرییان لێ کردووە.
ناوبراو زیادی کرد هێرشبەرەکە دوای ڕێگریی پۆلیس، چاکەتە تەقەمەنییەکەی خۆی تەقاندووەتەوە. بە گوێرەی زانیارییەکانی پۆلیس، ١٣ کەس لەم هێرشەدا کوژراون کە هەشتیان ئەفسەر و کارمەندی پۆلیس بوون. تەرمێکی دیکەیش کە گومان دەکرێت هی هێرشبەرەکە بێت، بۆ نەخۆشخانە گواستراوەتەوە. پۆلیس ڕایگەیاند ٢٢ کەسی دیکە لەم تەقینەوەیەدا بریندار بوون و باری تەندروستیی ژمارەیەکیان ناجێگیرە.
لە ڕاپۆرتە سەرەتاییەکاندا ژمارەی کوژراوان حەوت کەس ڕاگەیەندرا بوو، بەڵام دواتر بەرپرسانی پۆلیس ئامارەکەیان بۆ ١٣ کەس بەرز کردەوە. هاوکات لەگەڵ ئەم ڕووداوە، تەقینەوەی بۆمبێکی دەستکرد لە پێشەوەر، ناوەندی ویلایەتی خەیبەر پەختونخوا، چوار کارمەندی پۆلیسی بریندار کرد. بەڕێوەبەری پۆلیسی پێشەوەر گوتی گرووپی “تەحریکی تاڵیبانی پاکستان” بەرپرسیارێتیی ئەم هێرشەی گرتووەتە ئەستۆ.
ناوچەی سوات کە پێشتر مەیدانی شەڕی نێوان سوپا و چەکدارە توندڕەوەکان بووە، جارێکی دیکە ڕووبەڕووی شەپۆلێکی نوێی توندوتیژی بووەتەوە. حکوومەت و هێزە ئەمنییەکانی پاکستان لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە، بەڵام چالاکییە چەکدارییەکان لەم ناوچانە بەردەوامن. ئەم هێرشانە دوای ماوەیەک لە ئارامیی ڕێژەیی دێن و نیگەرانیی لای دانیشتووانی ناوچەکە دروست کردووە.

