zagros news agency

بەغدا تێکدانی زەوییە کشتوکاڵییەکانی باشووری پایتەختی قەدەغە کرد

 

ئەمینداری گشتیی بەغدا، ئەمڕۆ چوارشەممە، 20-5-2026، ڕاگرتنی سەرجەم پڕۆسەکانی کێڵان و تێکدانی زەوییە کشتوکاڵییەکانی لە ناوچەکانی باشووری پایتەخت ڕاگەیاند و جەختی لە هەماهەنگی بەهێز لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان کردەوە بۆ پاراستنی ئەو زەوییانە.

حەیدەر عادی، بەڕێوەبەری شارەوانیی دۆرە لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع) ڕایگەیاند، “ناوچە کشتوکاڵییەکان لە دۆرە زیاتر لە %60ی ڕووبەری ناوچەکە پێکدەهێنن. لە ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی فراوانبوونی شارەوە دەستدرێژی زۆریان کراوەتە سەر، بەڵام ئێستا بە ڕێنمایی ئەمینداری بەغدا و بە هەماهەنگی لەگەڵ پۆلیسی فیدراڵی، هەموو جۆرە تێکدان و پارچەپارچەکردنێکی زەوییەکان بەتەواوی ڕاگیراوە.”

بەڕێوەبەری شارەوانی ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو زەوییانەی پێش ساڵی 2023 کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونیان تێدا دروستکراوە و ڕێژەی ئاوەدانکردنەوەیان لە %80 زیاترە، بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران دەیانگرێتەوە، بەڵام تەنها ڕێگەیان پێدەدرێت “نۆژەنکردنەوە” بکەن و دروستکردنی هەر جۆرە بینایەکی نوێ لەو شوێنانە قەدەغەیە.

حەیدەر عادی جەختی کردەوە کە بیناسازی لەسەر پارچە زەوییە بەتاڵەکان بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە و سەرپێچیکاران ڕووبەڕووی سزای یاسایی دەبنەوە. وتیشی: “ئامانەی بەغدا بەپێی بڕیاری ژمارە 154، بەردەوامە لە لادانی ئەو سەرپێچیانەی دەکرێنە سەر موڵک و ماڵی دەوڵەت.”

لە کۆتاییدا ڕوونیکردەوە کە کێشەی دەستدرێژی بۆ سەر زەوییە کشتوکاڵییە تایبەتەکان (مڵک) ڕەوانەی دادگا دەکرێن بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەی نێوان خاوەن زەوی و سەرپێچیکار، لەو حاڵەتانەشدا شارەوانی دۆرە وەک لایەنی پشتگیر و جێبەجێکار بۆ بڕیارەکانی دادگا کار دەکات.

هەواڵی پەیوەندیدار

تایلۆر سویفت لە فیلمی “Toy Story 5” بەشدار دەبێت

ART

ئەنجومەنی نوێنەران دەست دەکات بە خوێندنەوەی یەکەم بۆ پێشنیازی یاسای خزمەتی سەربازی

دڵشاد

پەیامی سەرۆک بارزانی لە کۆنفرانسی یەکدەنگی و یەکهەڵوێستی حزبە کوردییەکان لە قامشلۆ

یاسین