گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق بە پێویستی دەزانێت، هەوڵەکان بۆ ڕێگریکردن لە هێرشی ئەلیکترۆنی چڕ بکرێنەوە. دەشڵێت، ئەو جۆرە هێرشانە بوونەتە مەترسییەکی جیددی بۆ سەر دامودەزگاکانی عێراق.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 08-05-2024، عەبدولئەمیر شەمەڕی، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لەمیانی بەڕێوەچوونی خولی چوارەمی دیدار و کۆنفرانسی “Cemex Iraq”، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، “کۆنفرانسەکە گرنگیی زۆری بۆ ناوخۆی وڵات هەیە، چونکە چەندین بواری جیاواز لەخۆ دەگرێت و دەتوانین سوود لە شارەزایی و تایبەتمەندیی یەکدی وەربگرین”.
وەکو ئەوەی گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق باسی کرد، ئێستا لە سەرتاسەری جیهان هێرشی ئەلیکترۆنی بۆ سەر دام و دەزگا حکوومییەکان زیادی کردووە و بووەتە هەڕەشەیەکی جیددی، بۆیە وەکو خۆی گوتی، پێویستە لە عێراقیش بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان هەوڵەکان چڕ بکرێنەوە بۆ ڕێگریکردنی لەو هێرشانە.
ڕۆژی سێشەممە، 07-05-2024، بە سەرپەرشتیی دەستەی پەیوەندی و ڕاگەیاندنی عێراق و بە سپۆنسەری دامەزراوەی میدیایی کوردستان24 خولی چوارەمی دیدار و کۆنفرانسی Cemex Iraq بۆ پەیوەندییەکان، ئەلیکترۆنییات، کەناڵە بینراو و بیستراوەکان و ڕاگەیاندن؛ لە ژێر دروشمی “ئاسمانی نوێی عێراق دەرفەتێکە بۆ داهاتوو” لە بەغدا دەستی پێ کرد.
کۆنفرانسەکە تا سبەی پێنجشەممە، 09-05-2024 بەردەوام دەبێت و کۆمپانیا گەورەکانی پەیوەندی، تەکنەلۆژیا، و ئینتەرنێت، دامەزراوەکانی میدیا و رێکخەری کەناڵ و بانکەکان و کارتی زیرەک کۆدەکاتەوە.