ئەندامێکی ژووری بازرگانیی هەولێر ئاشکرای دەکات، بۆ ئه‌مساڵ ژماره‌یه‌كی زۆری گه‌نمی جوتیاران وه‌رگیراوه كه پێشبینی ده‌كرێت بڕكه‌ی به‌رز بێته‌وه بۆ 600 هه‌زار تۆن كه به‌شێكی زۆری به‌رهه‌مه‌كانیان له‌لایه‌ن كۆمپانیاكانی ناوخۆی ده‌كڕدرێته‌وه.
ئیبراهیم محەمەد ئاغا بۆ زاگرۆس گوتی: “بە هەماهەنگی لە نێوان ژووری بازرگانی، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی هەولێر، دەستەی وەبەرهێنان و بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانیی هەولێر، هەماهەنگییەکی زۆر باش دروست بووە بۆ بەبازاڕکردن و ساخکردنەوەی گەنمی جووتیاران.پڕۆسەی کڕینەوەی گەنمی زیادی جووتیاران لەلایەن کۆمپانیا ناوخۆییەکانەوە بەردەوامە و تاوەکو ئێستا 250 هەزار تۆن گەنم وەرگیراوە، پێشبینیش دەکرێت ئەم بڕە بگاتە سەرووی 600 هەزار تۆن، ئەم گەنمەی وەردەگیرێت رەوانەی دەرەوە ناکرێت، بەڵکو بۆ کارگەکانی ناوخۆ وەک کارگەکانی ئاررد بڕین، ئالیک و بەروبوومە خۆماڵییەکان بەکار دەهێنرێت.
راشی گه‌یاند: حکوومەتی عێراق بڕی 400 هەزار تۆن گەنمی لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەردهگریت، بەڵام بڕی زیاتر لە ملیۆنێک تۆن گەنم لە لای جووتیاران مابووەوە له‌و ملیۆنه 500 تا 600 هه‌زار تۆن وه‌رده‌گیرێت بۆ كۆمپانپانیاكانی ناوخۆ و كارگه‌ی ئالیك. بۆ ئەم مەبەستەش کۆمپانیا ناوخۆییەکان ئامادەییان نیشان دا بۆ کڕینەوەی ئەو گەنمەی لە لای جووتیاران مابووەوە.

