پزیشکانی پسپۆڕ هۆشیاری دەدەن لەوەی کێشانی جگەرە ڕاستەوخۆ پێش نوستن، کوالێتی خەو بە شێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێنێت و مەترسییەکانی سەر کۆئەندامی هەناسەدان و دڵ زیاد دەکات.
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ گۆڤاری “Sante”ی فەرەنسی، دکتۆر دەیڤید ڕیچارد، پسپۆڕی تەندروستیی خەو ڕایگەیاند “کێشانی جگەرە بەرلە چوونە سەر جێگە دەبێتە هۆی سووتانەوە و هەوکردنی بۆرییەکانی هەناسە.”
هەروا ئامۆژگاری هاووڵاتییان دەکات لانی کەم دوو کاتژمێر پێش نوستن لە کێشانی جگەرە دووربکەونەوە.
سەرەکیترین مەترسییەکان
بەپێی گوتەی ئەو پسپۆڕە، جگەرەکێشانی شەوانە ئەم زیانانەی خوارەوەی لێدەکەوێتەوە:
سووتانەوەی بۆرییەکانی هەناسە: دەبێتە هۆی زیادبوونی کۆکە و تەنگەنەفەسی.
خراپتربوونی نەخۆشییە درێژخایەنەکان: کاریگەریی نەرێنیی ڕاستەوخۆی لەسەر تووشبووانی ڕەبۆ و گیرانی درێژخایەنی سییەکان (COPD) هەیە.
تێکچوونی هەناسەدان لە کاتی خەودا: ئەگەری وەستانی کاتیی هەناسە زیاد دەکات، کە ئەمەش مەترسی لەسەر تەندروستیی دڵ دروست دەکات.
زیادبوونی پرخەپرخ: بەهۆی دروستبوونی هەوکردن و تەنگبوونی ڕێڕەوی هەناسەدانەوە ڕوودەدات.
جێگرەوە تەندروستەکان
پزیشکان ڕێنمایی دەدەن کە لەبری کێشانی جگەرە پێش نوستن، ئەم ڕەفتارە تەندروستانە پەیڕەو بكرێن:
ئەنجامدانی ڕاهێنانی هەناسەدان و تێڕامان (مێدیتەیشن) بۆ ئارامبوونەوەی جەستە.
ئەنجامدانی وەرزشی ڕێکخراو لە ڕۆژدا و دابینکردنی هەوای پاک بۆ ژووری نوستن.
دوورکەوتنەوە لە خواردنەوە هۆشیارکەرەوەکان (وەک چا و قاوە) و دوورکەوتنەوە لە ژەمە قورسەکان لە کاتەکانی شەودا.

