باکووری نێجیریا بووە شایەتحاڵی بەستنی گرێبەستی هاوسەرگیری بۆ ١٥٠٠ هاوسەر (ژن و مێرد) لە ئاهەنگێکی هاوسەرگیریی کۆمەڵدا کە لەلایەن حکومەتی هەرێمەکەوە ڕێکخرابوو، ئەوەش وەک هەنگاوێک بۆ پشتگیریکردنی گەنجان لە ناوچەیەکدا کە ڕووبەڕووی ئاڵۆزیی ئەمنی و ئاڵنگاریی گەورە بووەتەوە.
ئەم ئاهەنگە کە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ لە ویلایەتی “کانۆ” بەڕێوەچوو، ئەو کەسانەی کردبووە ئامانج کە بەهۆی کێشەی داراییەوە توانای دابینکردنی تێچووی هاوسەرگیرییان نەبوو.
بەگوێرەی زانیارییەکانی حکومەتی هەرێمەکە، هەر بووکێک مارەیییەکی بە بڕی ٢٠٠ هەزار نایرا (کە دەکاتە ١٤٧ دۆلار) پێدراوە، جگه لە پێشکەشکردنی هاوکاری بۆ دەستپێکردنی پڕۆژەی بچووک. هەروەها کەلوپەلی ناوماڵیان وەک بێد، دۆشەک و بەتانی بەسەر هاوسەرەکاندا دابەش کراوە.
پێش ئەنجامدانی هاوسەرگیرییەکە، هاوسەرەکان پشکنینی پزیشکییان بۆ کراوە و بەشدارییان لە خولی ڕێنیشاندانی دەروونیدا کردووە. ئەمە دووەم جارە بەرپرسی ناوچەکە “ئابا کەبیر یوسف” ئاهەنگێکی هاوسەرگیریی کۆمەڵ لەم جۆرە ڕێکدەخات.
حکومەت ئەم بەرنامەیە وەک بەشێک لە سیاسەتە کۆمەڵایەتییەکانی بۆ پشتگیریکردنی خێزانە کەمدەرامەتەکان و بەهێزکردنی سەقامگیریی کۆمەڵایەتی دەستنیشان دەکات. لە نێو هاوسەرە نوێیەکانیشدا، کەسانێک هەن کە ئەندامانی خێزانەکانیان لە هێرشە توندوتیژەکاندا لەدەستداوە.
هێرشە توندوتیژەکان بە بەردەوامی لە نێجیریا، بەتایبەتی لە باکووری وڵاتەکە ڕوودەدەن، کە زۆرجار قوتابیانی قوتابخانەکان بە شێوەیەکی ڕێکخراو دەڕفێندرێن. گرووپە چەکدارەکان، لەوانەش گرووپی تیرۆریستی “بۆکۆ حەرام” و باندە تاوانکارییەکان، زۆرجار داوای فدیەی دارایی قورس دەکەن.
هەفتەی ڕابردوو، حکومەتی نێجیریا ئازادکردنی ٣٠٨ کەسی ڕاگەیاند؛ لەو ژمارەیەش نزیکەی ١٦٣ کەسیان لە مانگی شوباتدا لە ویلایەتی “کوارا” ڕفێندرابوون، و ١٤٥ کەسەکەی دیکەش خەڵکی ویلایەتی “نیجەر”ی دراوسێ بوون.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، لانیکەم ٢٥ منداڵ لە کاتی دەستبەسەرکردنیان لەبەر خراپی دۆخی تەندروستی گیانیان لەدەستداوە، لەکاتێکدا مەزەندە دەکرێت لانیکەم ١٢ منداڵی دیکە لەلایەن بۆکۆ حەرامەوە بۆ چەکداری لە خشتە برابن.
گرووپی بۆکۆ حەرام ماوەی ١٧ ساڵە لە نێجیریا چالاکە. ئەگەرچی هێرشەکانی بە پلەی یەکەم لە باکووری ڕۆژهەڵاتی نێجیریا ئەنجام دەدات، بەڵام لەم دواییانەدا چالاکییەکانی بۆ ناوەڕاستی وڵاتەکەش فراوانتر کردووە. دیارترین ڕووداویش، ڕفاندنی ٢٧٦ قوتابیی کچ بوو لە قوتابخانەیەک لە شاری “چیبۆک” لە ساڵی ٢٠١٤، کە ترس و دەنگدانەوەیەکی جیهانی دروستکرد.

