بەپێی بەدواداچونی زاگرۆس، شاری سلێمانی ڕووبەڕووی دۆخێکی مەترسیداری ژینگەیی بووەتەوە، بە جۆرێک کە لە وەرزی هاوین و پاییزدا ڕۆژانە نزیکەی هەزار تۆن پاشماوە لە سنوورەکەدا کۆدەکرێتەوە. سەرەڕای بوونی کارگەی ریسایکڵین، بەشێکی زۆری ئەو خاشاکە لە ناوچەی تانجەرۆ کەڵەکە دەکرێت و بووەتە هۆی سەرەکیی پیسبوونی ژینگەی شارەکە.
شارەزایانی ژینگە هۆشداری دەدەن کە سووتانی ئەم پاشماوانە کاریگەریی مەترسیداری کورتخایەن و درێژخایەنی بۆ سەر تەندروستیی مرۆڤ و ژینگە هەیە.
بەپێی هەمان بەدواداچونی زاگرۆس لە تازەترین پێشھاتدا، سەرهەڵدانەوەی ئاگر و دووکەڵی چڕ لە تانجەرۆ نیگەرانیی قووڵی لای دانیشتووانی ناوچەکە دروست کردووە؛ بە جۆرێک دووکەڵێکی خەست و بۆنێکی ناخۆش ناوچەکەی گرتووەتەوە و ئاستی بینینی لە دەوروبەری شوێنی ڕووداوەکە بەتەواوی دابەزاندووە.
سەرەڕای ئامادەبوونی تیمەکانی بەرگریی شارستانی و فریاگوزاری لە کاتژمێر 4 بۆ 5ـی بەرەبەیانەوە، بەڵام ئاگرەکە بە ئاو نەکوژاوەتەوە. بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە، لە ئێستادا بە هەماهەنگیی نێوان شارەوانی، بەرگریی شارستانی و کۆمپانیاکانی کۆکردنەوەی خاشاک، ڕێگەیەکی جێگرەوە بەکاردەهێنرێت و تیمەکان لە ڕێگەی ئامێرە قورسەکانەوە خۆڵ و خاکیان بەسەر خاشاکەدا کردووە تا گڕ و دووکەڵەکە دابپۆشن و بەتەواوی بکوژێتەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا، دووکەڵەکە مەودایەکی فراوانی گرتووەتەوە و گەیشتووەتە گەڕەکی هوانە و چەند ناوچەیەکی دیکەی دەوروبەری تانجەرۆ، ئەمەش بووەتە هەڕەشەیەکی ڕژد بۆ سەر ژینگەی گوند و ماڵەکانی نزیک شوێنەکە، کارگە و کۆگاکان، تەنانەت خانووە پلاستیکییە کشتوکاڵییەکانی سنوورەکەش.

