بەپێی تازەترین پۆلێنکاریی گۆڤاری “گڵۆباڵ فاینانس”ی ئەمریکی بۆ ساڵی 2026، عێراق لە پلەی 109یەمی دەوڵەمەندترین وڵاتانی جیهاندا هاتووە لە کۆی 189 وڵات، بە شێوەیەک تێکڕای داهاتی ساڵانەی هەر تاکێک بەپێی هاوسەنگی توانای کڕین گەیشتووەتە 15,359.60 دۆلاری نێودەوڵەتی.
ئەم ئامارەش پێشکەوتنێکی دیار پیشان دەدات، چونکە عێراق بەراورد بە ساڵی 2025، 5 پلە بەرەو پێشەوە چووە، کاتێک لە پلەی 114یەمی جیهاندا بوو.
لە سەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی، قەتەر لە پلەی یەکەمدایە و بەدوای ئەویشدا وڵاتانی ئیمارات، سعودیە، بەحرێن، کوەیت، عومان، میسر، جەزائیر و لیبیا دێن، بەمەش عێراق بووەتە دەیەمی وڵاتانی عەرەبی و لە دوای ئەویش وڵاتانی تونس، لوبنان و ئوردن جێگیر بوون. لە سەر ئاستی جیهانیش سەنگاپورە بە تێکڕای 156,755.35 دۆلار بۆ هەر تاکێک لە سەرووی پێڕستەکەیە، بەدوای ئەویشدا لوکسەمبۆرگ و ئیرلەندا لە پلەکانی دووەم و سێیەمدان، هەروەها هەرێمی ماکاو، قەتەر، نەرویج و سویسراش پلەکانی چوارەم تا حەوتەمیان گرتووە.
ئەم پۆلێنکارییە پشتی بەستووە بە بەشی هەر تاکێک لە کۆی بەرهەمی ناوخۆیی بەپێی هاوسەنگی توانای کڕین، کە ڕێژەی هەڵئاوسان و تێچووی ڕاستەقینەی کەلوپەل و خزمەتگوزارییەکان لە نێوان وڵاتاندا لەبەرچاو دەگرێت بۆ ئەوەی بەراوردێکی دروست لە نێوان ئاستی بژێویی ئابوورییە جیاوازەکاندا بکات. ڕاپۆرتەکە جەختیش دەکاتەوە کە بەرزبوونی ئەم ڕێژەیە مەرج نیست ڕاستەوخۆ بە مانای خۆشگوزەرانیی تەواوی دانیشتووان بێت، چونکە نایەکسانی لە دابەشکردنی داهات و جۆری سیستەمی ئابووری دەکرێت کاریگەرییان لەسەر وردیی پێوەرەکە هەبێت بۆ دیاریکردنی ئاستی بژێویی خەڵک.

