ئاژانسی بۆشاییگەریی ئەمریکا (ناسا) و ناوەندەکانی توێژینەوەی فەلەکی، ئەو دەنگۆ و تیۆرییە پیلانگێڕییانە بە توندی ڕەت دەکەنەوە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبووەتەوە و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە لە ۱۲ی ئابی ۲۰۲۶دا هێزی ڕاکێشانی زەوی (گرانش) بۆ ماوەی ۷ چرکە پەککەوتە دەبێت. زانایانی فیزیک جەخت دەکەنەوە کە ئەم دەنگۆیانە هیچ بنەمایەکی زانستییان نییە و لە ڕووی فیزیکییەوە سڕکردنی هێزی ڕاکێشان بە تەواوی مەحاڵە.
• ڕاستیی پڕۆژە دۆزراوەکە و تێچووەکەی: لە ڕۆژانی ڕابردوودا بەشێک لە بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بابەتێکیان بڵاوکردەوە کە گوایە ناسا پڕۆژەیەکی نهێنیی هەیە بە ناوی «پڕۆژەی ئەنکەر» (Project Anchor) و بڕی ۹۰ ملیار دۆلاری بۆ تەرخان کردووە تا ڕێگری لەو کارەساتانە بکات کە بەهۆی چالاکیی چاڵە ڕەشەکان و نەمانی کاتیی هێزی ڕاکێشانەوە لە ۱۲ی ئابدا ڕوودەدەن. لای خۆیەوە ناسا ڕایگەیاند کە هیچ پڕۆژەیەکی لەو شێوەیە بوونی نییە و بابەتەکە تەنها زانیاریی چەواشەکاری مەبەستدارە بۆ بێبەهاکردنی ئاژانسەکە.
• بۆچی لە ڕووی زانستییەوە مەحاڵە؟ پسپۆڕانی ڕصدخانەی (Jodrell Bank) ڕوونی دەکەنەوە کە هێزی ڕاکێشان بەستراوەتەوە بە «بارستە»ی (جرم) تەنەکانەوە؛ واتە تا جەستەیەک قورستر بێت، هێزی ڕاکێشانی زیاترە. بۆ ئەوەی هێزی ڕاکێشانی زەوی «بکوژێتەوە»، دەبێت زەوی و هەموو شتەکانی سەر ڕووی زەوی بارستەیان نەمێنێت، ئەمەش لە یاساکانی فیزیکدا مەحاڵە.
• ئەگەر هێزی ڕاکێشان نەمابایە چی دەبوو؟ بەپێی لێکۆڵینەوە زانستییەکان، ئەگەر بۆ یەک چرکەش هێزی ڕاکێشان نەمێنێت، مرۆڤەکان، بیناکان، ئاو و تەنانەت بەرگەهەوای زەویش بە هۆی خێرایی خولانەوەی زەوییەوە بەرەو بۆشایی ئاسمان هەڵدەدەران و لە کاتی گەڕانەوەی هێزی ڕاکێشیشدا کارەساتێکی گەورەی تێکشکان ڕووی دەدا کە قەرەبوو نەدەکرایەوە.
• لە ۱۲ی ئابدا لە ڕاستیدا چی ڕوودەدات؟ لەو بەروارەدا ڕووداوێکی فەلەکیی گرنگ ڕوودەدات کە بریتییە لە خۆرگیرانی تەواوەتی (Total Solar Eclipse) و لە ناوچەکانی وەک جەمسەری باکوور، گرینلاند، ئایسلەند، پورتوگال و باکووری ئیسپانیادا دەبینرێت. ناسا دووپاتی دەکاتەوە کە خۆرگیران تەنها ڕووداوێکی بینراوە و هیچ کاریگەرییەکی نائاسایی لەسەر هێزی ڕاکێشانی گشتیی زەوی دروست ناکات.
هەواڵی داهاتوو

