ئەمڕۆ دووشەممە، 10-8-2026، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند؛ لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران کە نزیکەی حەوت کاتژمێری خایاندووە تاوتوێی تەواوی پرسە گرنگ و بنەڕەتییەکانی وڵات کراوە.
پزیشکیان ئاماژەی بەوە کرد؛ تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆکەیان لە پەیوەندی بە ئاڵەنگارییەکانی وڵاتەوە بریتی بوون لە:
گوزەران و ئابووری: بژێوی خەڵک، دۆخی بازاڕ، ڕەخساندنی دەرفەتی کار و چارەسەرکردنی کێشەی نیشتەجێبوون.
کاریگەریی گەمارۆکان، ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو کێشە و ئاستەنگانەی بەهۆی گەمارۆ ئابوورییەکانەوە بۆ وڵات دروست بوون.
هەروەها باس لە یەکێتیی ناوخۆیی، پاراستنی تەبایی، خۆڕاگری و بەهێزکردنی هاوڕێیەتیی خەڵک کراوە.
سەرۆک کۆماری ئێران جەختی کردەوە؛ گرنگترین ڕاسپاردەی خامنەیی پاراستنی “یەکێتی و تەبایی” بووە، و گوتی: هیچ شتێک لە ئێستادا لە یەکێتی گرنگتر نییە؛ چونکە تەواوی نەخشەی دوژمنان دروستکردنی دووبەرەکییە. دەبێت لە وتار و دەربڕینەکانماندا وشیار بین و خۆمان لە هەر ناکۆکییەک بەدوور بگرین. ڕەنگە لە ناوخۆدا تێڕوانینی جیاوازمان هەبێت، بەڵام بەرامبەر بە جیهانی دەرەوە دەبێت یەکدەنگ و یەکئاواز بین بۆ بەرگریکردن لە سەربەخۆیی و سەربەرزیی وڵات.
لە کۆتایی ئاخاوتنەکەیدا، پزیشکیان داوای لێبوردنی لە خەڵکی ئێران کرد بەرامبەر هەر کەموکورتییەک لەم بارودۆخە سەختەدا پێیان گەیشتووە و ڕایگەیاند: بە تەواوی بوونمانەوە لە خزمەتی خەڵکدا دەبین و دڵنیابن لە ئەرکەکانماندا هیچ کەمتەرخەمییەک ناکەین.

