لە کاتێکدا ڕەنگە هیچ ئازارێک هەست پێ نەکەیت و ژیانی ڕۆژانەت بە شێوەیەکی ئاسایی بەڕێوە بچێت، بەڵام جگەر دەکرێت بە شێوەیەکی بەردەوام و هەنگاو بەهەنگاو تووشی زیان ببێت بەهۆی کۆمەڵێک خووی ڕۆژانەوە کە دووبارە دەبنەوە.
ئەم ئەندامە هەستیارە بە بەردەوامی کار لەسەر پرۆسێسکردنی ماددە خۆراکییەکان و مامەڵەکردن لەگەڵ پێکهاتە جیاوازەکان دەکات کە دەچنە ناو جەستەوە. لەگەڵ کۆبوونەوەی هەندێک هۆکاردا وەکو کێشی زیادە، سیستمی خۆراکیی ناتەندروست و کەمیی جووڵە و چالاکیی جەستەیی، پرۆسەی کۆبوونەوەی چەوری لە ناو جگەردا دەست پێدەکات؛ ئەمەش کێشەیەکە کە دەکرێت لە هەندێک کەسدا پەرە بسێنێت و ببێتە هۆی هەوکردن، دروستبوونی شانەی برین و لە ئەنجامدا ڕەقبوون یان تێکهەڵکێشبوونی جگەر. مەترسیدارترین خاڵ ئەوەیە کە نەخۆشییەکانی جگەر دەکرێت بۆ ماوەیەکی درێژ بە بێدەنگی بمێننەوە و هیچ نیشانەیەکی ڕوونیان نەبێت.
لێرەدا ئەو 7 هۆکار و خوو ئاماژەیان پێ کراوە کە کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر تەندروستیی جگەر هەیە:
1. بەکارهێنانی هەڕەمەکیی دەرمانە ئازارشکێنەکان
لە کاتی سەرئێشە، ئازاری ددان یان ماسولکەکاندا، هەندێک کەس پەنا بۆ بەکارهێنانی دووبارەبووەوەی دەرمانە ئازارشکێنەکان دەبەن بە بێ ڕاوێژکردن بە پزیشک. کێشەکە لە بەکارهێنانی دەرماندا نییە لە کاتی پێویست و بە بڕی گونجاو، بەڵکو کێشەکە لە بەکارهێنانی هەڕەمەکی، تێپەڕاندنی بڕی دیاریکراو یان تێکەڵکردنی چەند دەرمانێکدایە کە هەمان ماددەی کارایان تێدایە. پەیمانگە نیشتمانییەکانی تەندروستی لە ئەمریکا جەخت لەسەر گرنگیی ڕاوێژکردنی پزیشک دەکەنەوە سەبارەت بەو دەرمانانەی کە بە بێ ڕەچەتەی پزیشک دەفرۆشرێن، بەتایبەت بۆ ئەو کەسانەی نەخۆشیی جگەریان هەیە. وانەی لێرەدا ئەوەیە کە دەرمان تەنیا لەبەر ئەوەی بە بێ ڕەچەتە بەردەستە مانای وا نییە زیانبەخش نەبێت، بەڵکو بڕ و شێوازی بەکارهێنانی زۆر گرنگن.
2. خواردنەوە شیرینکراوەکان.. خۆوەشاندنەوەیەکی بێتاوان
خواردنەوە گازییەکان، شەربەتە شیرینکراوەکان، خواردنەوە وزبەخشەکان و چا یان قاوەیەک کە بڕێکی زۆر شەکریان تێكراوە، دەکرێت بڕێکی زۆر لە شەکری سادە و کالۆری بۆ سیستمی خۆراکی زیاد بکەن. سەبارەت بە جگەر، زۆرخۆری لە شەکری سادە، بەتایبەت “فڕوکتۆز” کە لە زۆربەی خواردنەوە شیرینکراوەکاندا هەیە، پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە زیادبوونی مەترسیی کۆبوونەوەی چەوری لە جگەردا هەیە. کێشەکە لە یەک پەرداخدا نییە، بەڵکو لەوەدایە کە خواردنەوە شیرینکراوەکان ببنە خووێکی ڕۆژانە.
3. بەردەوام خواردنی شتی چەور و پرۆسێسکراو
خواردنە خێراکان، سورەوکراوەکان، گوشتە پرۆسێسکراوەکان، شیرینییەکان و ئەو خۆراکانەی دەوڵەمەندن بە چەوری و کالۆری، لەگەڵ دووبارەبوونەوەیاندا دەبنە بارگرانییەکی گەورە لەسەر جەستە. ڕێنماییە خۆراکییەکان جەخت لەسەر کەمکردنەوەی چەورییە ناتەندروستەکان، شەکر و خۆراکی چڕ لە وزە دەکەنەوە، لە بەرامبەردا زیادکردنی سەوزە، میوە، دانەوێڵەی تەواو، پەتاتە و چەرەس لەناو سیستمێکی هاوسەنگدا. لەگەڵ تێپەڕبوونی كات، ئەم شێوازە بەشداری دەکات لە زیادبوونی کێشە و تێکچوونی ئاڵوگۆڕی ماددەکان لە جەستەدا کە هەردوکیان هۆکاری سەرەکین بۆ نەخۆشیی جگەری چەوری.
4. دانیشتنی درێژخایەن و کەمیی جووڵە
لە مێزەوە بۆ ناو ئۆتۆمبێل، و لە ئۆتۆمبێلەوە بۆ ماڵەوە، ڕۆژەکە دەکرێت بێ ئەوەی هیچ چالاکییەکی جەستەیی تێدا بێت تێپەڕێت. کەمیی جووڵە تەنها کاریگەری لەسەر لەشجوانی نییە، بەڵکو پەیوەندیی بە زیادبوونی کێشە و تێکچوونی میتابۆلیکەوە هەیە کە ئەوانیش دەتوانن کاریگەری لەسەر تەندروستیی جگەر دابنێن. ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی کەمیی چالاکیی جەستەیی، سیستمی خۆراکیی ناتەندروست و کێشی زیادە لەناو هۆکارە سەرەکییەکانی مەترسی بۆ نەخۆشییە درێژخایەنەکان پۆلێن دەکات. داواکراو ئەوە نییە کە ببی بە وەرزشوانێکی پیشەگەر، بەڵکو گرنگ ئەوەیە کە دانیشتن نەبێتە چالاکیی سەرەکی لە ڕۆژەکەتدا.
5. کێشی زیادە.. جگەر باجەکەی دەدات
چەوریی زیادەی جەستە، بەتایبەت لەگەڵ قەڵەویدا، تەنها کێشەیەکی شێوە و جوانکاری نییە. زیادبوونی کێشە و قەڵەوی پەیوەندییان بە بەرزبوونەوەی ئەگەری تووشبوون بە جگەری چەورییەوە هەیە، و نەخۆشییەکە دەکرێت لە هەندێک کەسدا پەرە بسێنێت بۆ هەوکردن، ڕەقبوون و ئاڵۆزیی مەترسیدارتر. هەروەها دابەزاندنی کێش بە شێوازێکی تەندروست لەو کەسانەی کە نەخۆشیی جگەری چەورییان هەیە، یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی چەوری، هەوکردن و برین لە جگەردا. هەر لەبەر ئەمەیە مامەڵەکردن لەگەڵ کێش دەبێتە بەشێک لە پاراستنی تەندروستی لە ماوە درێژخایەنەکاندا نەک تەنها ئامانجێکی جوانکاری.
6. جگەرکێشان دوور نییە لە تەندروستیی جگەر
کاتێک باسی زیانەکانی جگەرکێشان دەکرێت، زاراوەی دڵ و سییەکان زوو دێنە مێشکەوە، بەڵام جگەرکێشان هیچ کاتێک خوویەکی تەندروست نییە بۆ هیچ ئەندامێکی جەستە. ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی پشتڕاستی دەکاتەوە کە تووتن هۆکارێکی سەرەکییە بۆ نەخۆشییە غەیرەگوازراوەکانی دیکە و هەروەها جەستە دەخاتە بەر مەترسیی هەزاران ماددەی کیمیایی زیانبەخش. بۆیە پاراستنی جگەر تەنها لە خۆراکەوە دەست پێناکات، بەڵکو وازهێنان لە جگەرکێشان بەشێکە لە وێنە تەندروستییە تەواوەکە.
7. ماددە کحولییەکان.. فاکتەرێکی زیادە کە زیانەکان قات قات دەکات
بەکارهێنانی ماددە کحولییەکان بە بڕی زۆر یان بۆ ماوەی درێژخایەن یەکێکە لە هۆکارە هەرە دیارەکانی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی جگەری پەیوەندیدار بە کحولەوە، و دەکرێت ببێتە هۆی تێکچوون و ڕەقبوونی جگەر. بوونی جگەری چەوری یان نەخۆشییەکی تری جگەر وا دەکات خۆلادان لە کحول زۆر گرنگتر بێت، چونکە دەکرێت زیانەکان زیاتر بکات.
مەترسیدارترین خاڵ ئەوەیە کە جگەر لە سەرەتادا سکاڵا ناکات. یەکێک لە هۆکارەکانی مەترسیی نەخۆشییەکانی جگەر ئەوەیە کە دەکرێت بە بێ بوونی هیچ نیشانەیەکی ڕوون لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا پەرە بسێنن. لە قۆناغە پێشکەوتووەکانی ڕەقبوونی جگەردا، نیشانەکان دەردەکەون وەکو زەردبوونی پێست یان سپێنەی چاو، ئاوسانی سک، گۆڕانی ڕەنگی میز یان خورانێکی بەتین. بۆیە چاوەڕێی دەرکەوتنی نیشانەکان مەکە بۆ ئەوەی گرنگی بە تەندروستیی جگەرت بدەیت.
چۆن جگەرت دەپارێزیت؟
پێویستت بە هیچ جۆرە “ديتوكس”ـێکی نامۆ یان خواردنەوەیەکی سیحراوی نییە بۆ پاککردنەوەی جگەر. گرنگترین شت گەڕانەوەیە بۆ بنەماکان:
پاراستنی کێشێکی تەندروست.
کەمکردنەوەی خواردنەوە شیرینکراوەکان و شەکری سادە.
کەمکردنەوەی برژاوەکان، خۆراکە چەورەکان و بەرهەمە زۆر پرۆسێسکراوەکان.
ئەنجامدانی چالاکیی جەستەیی بە شێوازێکی بەردەوام.
بەکارنەهێنانی هەڕەمەکیانەی دەرمان، ڤیتامین یان تەواوکەرە خۆراکییەکان.
دوورکەوتنەوە لە جگەرکێشان.
خۆلادان لە ماددە کحولییەکان.
سەردانیکردنی پزیشک لە کاتی بوونی هۆکارە مەترسیدارەکان یان ئەنجامی نائاسایی لە پشکنینەکانی جگەردا.

