zagros news agency

ڕووسیا پەرە بە دامەزراندنی تۆڕی مانگیلەی‌ دستکردی «ڕاسڤێت» دەدات

 

ڕووسیا بە خێرایییەکی زیاتر لە پێشبینییەکان تۆڕی ئینتەرنێتی مانگیلەی‌دسکردی خۆی پەرە پێ دەدات. بەپێی پلانی ڕاگەیەنراو، مۆسکۆ دەیەوێت تا کۆتاییی ٢٠٢٧ ژمارەی مانگەدەستەکانی ئەم تۆڕە بگەیەنێتە ٢٩٢ دانە. ئەم پڕۆژەیە بە ناوی «ڕاسڤێت» ناسراوە؛ ئەگەر بە تەواوی جێبەجێ بکرێت، دەتوانێت بەشێک لە خزمەتگوزارییەکانی تۆڕی «ستارلینک»ی کۆمپانیای سپەیس‌ئێکس بۆ ڕووسیا دابین بکات.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆیتەرز لە ١٠ی ئابی ٢٠٢٦، ڤادیم سکیبیتسکی، جێگری بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگریی سەربازیی ئۆکراینا، گوتی ڕووسیا ئێستا ١٦ مانگەدەستی «ڕاسڤێت»ی لە بازنەی نزیکی زەویدا هەیە. بە گوتەی ئەو، پرۆسەی ناردنی ئەم مانگەدەستانە لە خشتەی سەرەتایی خێراتر بەڕێوە دەچێت.
سکیبیتسکی دەڵێت، تۆڕەکە لە قۆناغی ئێستادا تەنیا بە شێوەی کاتی کار دەکات. کاتێک یەکێک لە مانگەدەستەکان بەسەر خاکی ئۆکراینا یان ناوچەیەکی دیاریکراودا تێدەپەڕێت، پەیوەندی دابین دەکات. بەڵام بە پێکهێنانی کۆمەڵەیەکی گەورەتر، خزمەتگوزارییەکە بەردەوام دەبێت. پلانی دوورمەودای مۆسکۆ زیادکردنی ژمارەی مانگەدەستەکان بۆ ٩٢٤ دانە تا ٢٠٣٥ لەخۆ دەگرێت.
پڕۆژەی ڕاسڤێت لەلایەن «بیروو ١٤٤٠»، کە کۆمپانیایەکی سەر بە «ئیکس هۆڵدینگ»ە، پەرەی پێ دەدرێت. ئەلێکسی شیلۆبکۆڤ، بەڕێوەبەری ئەم هۆڵدینگە، پێشتر لە کۆڕی ئابووریی سان‌پێتەرسبوورگ ڕایگەیاندبوو، تاقیکردنەوەکانی سیستەمەکە دەست پێ دەکەن و خزمەتگوزاریی بازرگانیی ئەو بۆ ٢٠٢٧ دانراوە. بەڵام هێشتا وردەکاریی تەواو لەبارەی توانای تۆڕەکە، ئاستی داپۆشین و بەکارهێنانی سەربازیی ئەو بڵاو نەکراوەتەوە.
ستارلینک لە دوای دەستپێکردنی شەڕی ڕووسیا و ئۆکرایناوە بووەتە بەشێکی گرنگ لە ژێرخانی پەیوەندیی ئۆکراینا. ئەم تۆڕە بۆ پەیوەندیی نێوان یەکە سەربازییەکان، ناردنی زانیاری و بەڕێوەبردنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بەکار دێت.
هێزەکانی ڕووسیاش لە ماوەی ڕابردوودا بە شێوەی ناڕەسمی دەستیان بە کۆمەڵێک ئامێری ستارلینک گەیشتبوو. بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆیتەرز، کییڤ لە سەرەتای ٢٠٢٦ سپەیس‌ئێکسی قایل کرد ئەو ئامێرانەی هێزە ڕووسییەکان بەکاریان دەهێنا، ناچالاک بکات. هەواڵگریی ئۆکراینا دەڵێت، ئێستا گفتوگۆ لەبارەی ڕێگاکانی بەرەنگاربوونەوەی تۆڕی مانگیلەی‌دسکردی ڕووسیا بەڕێوە دەچێت.
هاوکات، دەزگای هەواڵگریی ئۆکراینا بانگەشەی زیادبوونی بەرهەمهێنانی مووشەکی ڕووسیا دەکات. سکیبیتسکی گوتی مۆسکۆ لە ٧ مانگی یەکەمی ٢٠٢٦ ئامانجی ساڵانەی بەرهەمهێنانی مووشەکەکانی «زیرکۆن» و «ئۆنیکس»ی پڕ کردووەتەوە.
بەپێی هەمان هەڵسەنگاندن، ڕووسیا نزیکەی ١٣٠ مووشەکی بالیستیی «ئیسکەندەر-ئێم»ی لە کۆگاکاندا هەیە و تەنیا لە مانگی تەممووزدا ٦٥ مووشەکی نوێی بەرهەم هێناوە. ئەم ژمارانە لەلایەن سەرچاوەیەکی سەربەخۆوە پشتڕاست نەکراونەتەوە و مۆسکۆش وەڵامی فەرمیی وردی نەداوەتەوە. کییڤ دەڵێت، دامەزراوەکانی بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و پڕۆژە نوێیە مووشەکییەکانی ئۆکراینا ئامانجی سەرەکیی هێرشەکانی ڕووسیان. پەرەپێدانی ڕاسڤێت تەنیا پڕۆژەیەکی بازرگانیی ئاسمانی نییە، بەڵکوو دەتوانێت لە داهاتوودا هاوکێشەی پەیوەندی و شەڕی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بگۆڕێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

کەشناسی: پلەکانی گەرما نزم دەبنەوە و سبەی دووبارە کەمێک ڕوو لە بەرزبوونەوە دەکەنەوە

سەڵاح

سەرچاوەیەک: جووڵەی چڕی فڕۆکە بەریتانییەکان لە ئاسمانی عێراق زیاد بووە

سەڵاح

دەستەى کارگێڕى مەکتەبى سیاسيی پارتى دیموکراتى کوردستان پێشوازى لە جێگرى سەرۆکى پارتى داد و گەشەپێدانى تورکیا دەکات

یاسین