ئەمڕۆ سێشەممە، 11-8-2026، وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند، کە پلانی هەیە بۆ بەرزکردنەوەی بەرهەمی غاز لە کێڵگەی غازی عەجیل بۆ 300 ملیۆن پێ سێجا لە ڕۆژێکدا.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتەکە، کە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع) بڵاوی کردووەتەوە، نەسر عەزیز، بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری دەرهێنان، لە کۆبوونەوەیەکدا پلانی وەبەرهێنانی گونجاوی بۆ ئەو غازەی لە کێڵگەی عەجیل بەرهەم دێت تاوتوێ کرد؛ ئەمەش لە چوارچێوەی بەرنامەکانی پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکان، زیادکردنی بەرهەمی نەوتی خاو، گەورەکردنی قەبارەی وەبەرهێنانی غازی هاوەڵ و دابینکردنی بڕی پێویست بۆ کەرتەکانی انرژی و پیشەسازی.
کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی عیزەت سابیر ئیسماعیل، بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری غاز، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای غازی باکوور، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی توێژینەوە، پلاندانان و بەدواداچوون، لەگەڵ چەند بەرپرس و کادیرێکی پێشکەوتووی کۆمپانیای نەوتی باکوور و فەرمانگەکانی ناوەندی وەزارەت ئەنجام درا.
نەسر عەزیز ڕایگەیاند “پەرەپێدانی کێڵگەی عەجیل بەشێکی گرنگی ئەم پلانه پێك دەهێنێت”، و جەختیشی لەسەر “پێویستیی تێکەڵاوکردنی بەرنامەکانی زیادکردنی بەرهەمی نەوت لەگەڵ پڕۆژەکانی وەبەرهێنانی غازی هاوەڵدا کردەوە، بە جۆرێک کە زۆرترین سوود لە سامانی هیدروکاربۆن وەربگیرێت و ڕێگری لە فەوتاندن و سووتانی غاز بکرێت.”
هەروەها ئاماژەی بەوەش دا “وەزارەت گرنگییەکی زۆر بە پەرەپێدانی کێڵگەکانی کەرکووک، سەلاحەدین، نەینەوا، دیالە و ئەنبار دەدات و هەوڵی بەرزکردنەوەی توانای بەرهەمهێنانیان دەدات، لە چوارچێوەی پلانی پەرەپێدانی خۆیدا کە ئامانج لێی زیادکردن و بەردەوامبوونی بەرهەمی نەوتی خاوە، هاوکات لەگەڵ وەبەرهێنانی گونجاوی غازی هاوەڵ و گۆڕینی بۆ انرژیی بەرهەمدار، کە بەشدار بێت لە پشتگیریکردنی ئابووریی نیشتمانی.”
لە لای خۆیەوە، بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری غاز، عیزەت سابیر، جەختی لە گرنگیی “وەبەرهێنانی بڕی غازی بەرهەمهاتوو لە کێڵگەی عەجیل و خستنەسەر سیستمی بەرهەمهێنانی نیشتمانی” کردەوە، بەو پێیەی سەرچاوەیەکی گرنگە بۆ بەهێزکردنی دابینکردنی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا و پشتگیریکردنی کەرتی پیشەسازی.
ئاماژەی بەوەش دا “پلانی پەرەپێدانی کێڵگەی عەجیل پێشبینی دەکات بەرهەمی غاز بگاتە نزیکەی 300 ملیۆن پێ سێجای پێوانەیی لە ڕۆژێکدا، کە ئەمەش زیادبوونێکی گرنگ بۆ سیستمی نیشتمانیی غاز پێک دەهێنێت، لەگەڵ توانای سوودوەرلێوەرگرتنی لە بەرهەمهێنانی غازی شل و کانزاکاندا.”
لە کۆبوونەوەکەدا، بژاردە فەننییەکانی چارەسەرکردن و لەخۆگرتنی ئەو بڕە غازەی چاوەڕوان دەکرێت لە ڕێگەی دامەزراوە هەنووکەییەکانی سەر بە کۆمپانیای غازی باکوورەوە بەپێی توانا و توانا زانستییەکانیان دابین بکرێت، تاوتوێ کران، لەگەڵ ڕەچاوکردنی پلانی نۆژەنکردنەوە و پەرەپێدانی دامەزراوەکان لە چوارچێوەی گرێبەستی واژووکراو لەگەڵ کۆمپانیای (BP).
بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری دەرهێنان ڕێنمایی لایەنە پەیوەندیدارەکانی دەرکرد بۆ تەواوکردنی لێکۆڵینەوەیەکی فەننیی گشتگیر بە مەبەستی دیاریکردنی توانای دامەزراوە هەنووکەییەکان بۆ چارەسەرکردنی غازی بەرهەمهاتوو، و گەیشتن بە دیدێکی ڕوون سەبارەت بە پێویستیی دروستکردنی دامەزراوەی نوێ لە کێڵگەی عەجیل، بە جۆرێک کە دڵنیایی بدات لە سوودوەرگرتنی گونجاو لە غاز، بەهێزکردنی دابینکردنی انرژی و پشتگیریکردنی پلانی وەزارەت لە کەمکردنەوەی سووتانی غاز و گەورەکردنی وەبەرهێنانی.

