ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

حکوومەتی هەرێم قەیسەریی هەولێر نۆژەن دەکاتەوە و هاوکاریی زیانلێکەوتوان دەکات

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دڵنیایی دەداتە زیانلێکەوتوانی ڕووداوەکەی ئاگرکەوتنەوەی بازاڕی قەیسەریی هەولێر کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان درێغی لە نۆژەنکردنەوەی شوێنی ڕووداوەکە و هاوکاریی زیانلێکەوتوان ناکات.

دوای ئەوەی ڕۆژی ڕۆژی دووشەممە (6ـی ئایاری 2024)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بازاڕی قەیسەریی هەولێری کرد و لە نزیکەوە زیانەکانی ئاگرکەوتنەوەکەی شەوی ڕابردووی بینی.

مەسرور بارزانی لە پەیامێکدا کە لەتۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوی کردووەتەوە: “کاسبکارانی بازاڕەکەم دڵنیا کردەوە کە درێغی ناکەین لە نۆژەنکردنەوە و یارمەتیدانی زیانلێکەوتوان“.

هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە: “سوپاسی هەموو ئەوانە دەکەم شەوی ڕووداوەکە، ماندوو بوون و گیانی خۆیان خستە مەترسییەوە بۆ پاراستنی سەر و ماڵی هاووڵاتیان“.

لە میانی سەردانەکەیدا بۆ بازاڕی قەیسەریی هەولێر، مەسرور بارزانی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی ڕاسپارد کە لە زووترین کاتدا، لێکۆڵینەوەی ورد و هەمەلایەنە بکەن بۆ دەستنیشانکردنی هۆکارەکانی دووبارەبوونەوەی ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە بۆ ئەوەی بزانرێت ئایا بە هۆی کەمتەرخەمی و پابەندنەبوونە بە ڕێنماییەکان یان دەستێکی خراپەکاری لە پشت ڕووداوەکەوەیە.

شەوی 5ـی ئایاری 2024، ئاگر لە بەشێک لە بازاڕی قەیسەریی هەولێر کەوتەوە، دەستبەجێ تیمەکانی بەرگریی شارستانی و فریاگوزاریی هەولێر گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و لەبەر فراوانیی قەبارەی ئاگرەکە و سەختیی گەیاندنی هۆیەکانی کوژاندنەوەی ئاگر، دوای چەند کاتژمێرێک ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ کرا.

دوای ڕووداوەکە، ئومێد خۆشناو، پارێزگای هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا لە بارەی ئاگرکەوتنەوەی بازاڕی قەیسەری، ئاشکرای کرد: “بە گوێرەی دوایین ئامار لە کۆی زیاتر لە چوار هەزار دوکان، 227 دوکان و حەوت کۆگای بچووکی بازاڕی قەیسەری، بە هۆی ئاگرکەوتنەوەکە سووتاون و زیانیان پێگەیشتووە“.

هەروەها ڕوونی کردەوە: “جگە لە زیانی ماددیی ڕووداوەکە، هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتووەتەوە، بەڵام بەداخەوە بە هۆى قەرەباڵغیی هاوڵاتییان لە شوێنى ڕووداوەکە، 132 کەس لە ئەفسەر و کارمەندانی بەرگریی شارستانی، ئاسایش، پۆلیس، کاسبکار و هاووڵاتی، بریندار بوون و بەشێکیشیان بە هۆی دووکەڵی ئاگرەکەوە دۆخی تەندروستییان تێکچوو“.

هەواڵی پەیوەندیدار

یاری هەمستەر کۆمبات کۆتایی پێدێت

یاسین

ئاگادارییەک لە بەڕێوبەرایەتی گشتی بانکە بازرگانیەکانی وەزارەتی داراییەوە

یاسین

رێکخراوی مافی مرۆڤ داوای ڕاگرتنی سزای لەسێدارەدان لە ئێران دەکات

سەڵاح