لێدوانەکانی پێشووی ئەکتەری ئەمریکی، ئەنجێلینا جۆلی، لەبارەی تێڕوانینی بۆ چەمکی مردن و شێوازی پەروەردەکردنی شەش منداڵەکەی، جارێکی دیکە لە میدیا جیهانییەکاندا سەریان هەڵدایەوە و وەک بابەتی گەرمی رۆژەڤی هونەری و تەندروستی باسیان لێوە دەکرێت.
جۆلی لە لێدوانە دووبارە بڵاوکراوەکانیدا تیشکی خستۆتە سەر لایەنێکی ناخۆش و خێزانیی ژیانی تایبەتی خۆی؛ ئەو ڕوونیکردووەتەوە کە لە میانی ساڵانی پەروەردەکردنی منداڵەکانیدا، بەردەوام هەوڵیداوە ئامادەیان بکات بۆ ئەگەری نەمان یان ئامادەنەبوونی لە داهاتوودا، بە شێوەیەک کە توانای ڕووبەڕووبوونەوەی سەربەخۆیانەی ژیانیان هەبێت و هەبوونی ئەو بە شتێکی هەمیشەیی تێنەگەن.
بەپێی راپۆرتە میدیاییەکان، ئەم جۆرە بیرکردنەوەیەی ئەکتەرە ئەمریکییەکە ڕاستەوخۆ بەستراوەتەوە بەو ئەزموونە تاڵانەی لەدەستدانی خێزانی کە لە تەمەنێکی پێشوەختەدا پێیدا تێپەڕیوە.
جۆلی لە تەمەنێکدا دایکی مارشلاین بێرتڕاند لەدەستدا کە بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجەوە لە تەمەنی ٥٦ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد، هەروەها دەرفەتی ئەوەشی بۆ نەڕەخسابوو کە داپیرەی ببینێت یان بیناسێت، ئەمانەش شوێنەواری بەرچاویان لەسەر دیدگەی ئەو بۆ خێزان و چەمکی کۆچی دوایی ئازیزان جێهێشتووە.
لە کاردانەوەی ئەم قسانەدا، سەرنجی هاوڵاتیان و میدیاکان چوو سەر دێرێکی کۆنی جۆلی کە تێیدا گوتبووی: “هیچ ڕۆژێک لە ژیانمدا هەستم نەکردووە کە تەمەنێکی درێژ دەژیم”.
ئەم دەربڕینە لەلایەن هەندێک کەسەوە وەک پێشبینییەکی ناوبراو بۆ نزیکبوونەوەی کاتی کۆچی دوایی لێکدرایەوە.
تێڕوانینەکانی جۆلی پەیوەستن بە مێژووی تەندروستی خێزانەکەیەوە. ئەنجێلینا جۆلی هەڵگری بازدانی جیناتی BRCA1ە، کە مەترسییەکانی تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک و هێلکەدان بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات؛ هۆکارێک کە پێشتر وای لێکردبوو چەندین نەشتەرگەری و ڕێکاری خۆپارێزی پێشوەختە بکات.

