ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ شاندێكى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ريكا دەكات

نيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 2024/5/9 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ خاتوو ئەزرا زییا، بریکاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری ئاسایشی سڤیل و دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا كه‌ به‌ڕێزان باڵيۆزى ئه‌مه‌ريكا له‌ عێراق و ژماره‌يه‌ك له‌ به‌رپرسانى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ريكا ئاماده‌ى بوون، جه‌خت له‌ پاراستنى مافه‌كانى مرۆڤ، بره‌ودان به‌ ديموكراسى و ئازادييه‌كان له‌ هه‌رێمى كوردستان كرايه‌وه‌، هه‌روه‌ها ڕۆڵ و كاريگه‌ريى ڕێكخراوه‌ ناحكوومييه‌كان له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا، دۆخى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران و پێكهاته‌كان، تاوتوێ كران.

هه‌ردوولا بيروڕايان ده‌رباره‌ى هه‌ندێ تێبينى و كه‌موكووڕيى له‌ بواره‌كانى مافى مرۆڤ و ئازادييه‌كاندا گۆڕييه‌وه‌ و هاوڕا بوون له‌سه‌ر گرنگيى به‌رده‌واميى هاريكاريى هاوبه‌شى لايه‌نه‌ په‌يوه‌نديداره‌كانى هه‌ردوولا بۆ باشتركردنى ئه‌و بوارانه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان، هه‌روه‌ها داكۆكييان له‌ بره‌ودان به‌ به‌ها هاوبه‌شه‌كان و پاراستنى مافى پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌يى و ئايينييه‌كان كرده‌وه‌.

خاتوو زييا وێڕاى ده‌ربڕينى ستايش بۆ كولتوورى پێكه‌وه‌ژيان و لێبورده‌يى و فره‌يى له‌ هه‌رێمى كوردستان، ئاماده‌ييى لايه‌نه‌ په‌يوه‌نديداره‌كانى وڵاته‌كه‌ى بۆ يارمه‌تيدانى هه‌رێمى كوردستان له‌پێناو بره‌ودان به‌ بواره‌كانى مافى مرۆڤ و ئازادييه‌كان و ديموكراسى و ڕۆڵى ياسا ده‌ربڕى و هه‌رێمى كوردستانى به‌ هاوبه‌شێكى گرنگى ئه‌مه‌ريكا له‌ قه‌ڵه‌م دا.

ڕه‌وشى ئێزدييان و گرنگيى جێبه‌جێكردنى ڕێككه‌وتنى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى عێراقى فيدراڵ بۆ ئاساييكردنه‌وه‌ى دۆخى شه‌نگال، هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان، گه‌ڕانه‌وه‌ى ئاره‌زوومه‌ندانه‌ى ئاواره‌كان، ژيان و گوزه‌رانى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ كه‌مپه‌كاندا، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.

هەواڵی پەیوەندیدار

ئێران دەست‌هەبوونی لە تیرۆری ترەمپ دا ڕەت دەکاتەوە

سەڵاح

راگەیاندنێک لە وەزارەتی پەروەردەوە

یاسین

پەیامی پیرۆزبایی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بەبۆنەی کۆتایی هاتنی هەشتەمین کۆنگرەی حزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان

دڵشاد