سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا بە لێخۆشبوونی گومرگی بۆ ئەو کۆمپانیا و بازرگانانەی گەنمی جووتیاران هەناردەی دەرەوە دەکەن و بڕیارەکەش تەنیا بۆ ماوەی یەک مانگ کاری پێ دەکرێت.
بە گوێرەی نووسراوێکی فەرمیی سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە 2054 کە ڕۆژی یەکشەممە، 16ی ئابی 2026 دەرچووە و واژووی د. ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی لەسەرە، ئاراستەی وەزارەتی دارایی و ئابووری و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگ کراوە بۆ جێبەجێکردنی بڕیارێکی نوێ.
لە نووسراوەکەدا هاتووە، لەسەر راسپاردەی نووسینگەی مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، دەبێت کاری پێویست ئەنجام بدرێت بە مەبەستی لێخۆشبوونی گومرگی بۆ ئەو کۆمپانیا و بازرگانانەی بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان هەناردە دەکەن.
هەروەها لە بەشێکی دیکەی بڕیارەکەدا ڕوون کراوەتەوە ئەم لێخۆشبوونە گومرگییە تەنیا بۆ ماوەی یەک مانگ دەبێت و وێنەیەکیش لە بڕیارەکە ئاراستەی دەستەی وەبەرهێنان و وەزارەتەکانی کشتوکاڵ و بازرگانی کراوە بۆ ئاگاداری و کاری پێویست

