zagros news agency

ئەمریکا: یەکەم هەنگاوەکانی چەکداماڵینی حەماس لە ماوەی ٣٠ ڕۆژدا دەست پێ دەکات

 

جارێد کوشنەر، نێردراوی دۆناڵد ترەمپ بۆ پرسی غەززە، ڕۆژی دووشەممە، ١٧ی ئابی ٢٠٢٦ (٢٦ی گەلاوێژی ١٤٠٥)، دوای کۆبوونەوەیەکی ٤ کاتژمێری لەگەڵ بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ڕایگەیاند یەکەم هەنگاوەکانی کۆکردنەوەی چەکەکانی حەماس و پڕکردنەوەی هەندێ تونێل لە ماوەی ٣٠ ڕۆژی داهاتوودا دەست پێ دەکات. ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد جێبەجێکردنی پلانەکە بە هەنگاوەکانی حەماس و وەڵامی ئیسرائیلەوە بەستراوەتەوە.
کوشنەر لە لێدوانێکیدا بۆ فۆکس نیوز گوتی: «لەوانەیە لە ماوەی تەنیا ٣٠ ڕۆژدا پێشکەوتن ببینین. هیوادارین پرۆسەی کۆکردنەوەی بەشێک لە چەکەکان و پڕکردنەوەی هەندێ تونێل دەست پێ بکات.» ناوبراو جەختی کردەوە گوتە و بەڵێنەکان بەس نین و واشنتن دەیەوێت پابەندبوونی حەماس بە کردار تاقی بکاتەوە.
بەپێی ماڵپەڕی ئاکسیۆس، کوشنەر داوای لە نەتانیاهوو کردووە بە جێبەجێکردنی «هەنگاوی بچووک» لە غەززەدا، ئامادەییی حەماس بۆ چەکدانان تاقی بکاتەوە. ئەم هەنگاوانە پێشکەشکردنی هاوکاریی مرۆیی، کەمکردنەوەی هێرشەکان و دانانی ڕێکارێک بۆ چاودێریکردنی پێشێلکارییەکان دەگرنەوە.
کوشنەر پێش گەیشتنی بە ئیسرائیل، لە میسر لەگەڵ نوێنەرانی حەماس و نێوەندگیرانی میسری، قەتەری و تورکی کۆ بووەوە. ناوبراو یەکەم بەرپرسی باڵای ئەمریکایە لەم قۆناغەدا بە شێوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ سەرکردەکانی حەماس گفتوگۆ دەکات. لەو کۆبوونەوەیەدا خەلیل حەییە، سەرکردەی نوێی حەماس، سەرۆکایەتیی شاندی گرووپەکەی کرد.
بەرپرسێکی حەماس ڕایگەیاندووە گرووپەکەیان بە کوشنەری گوتووە پابەندی ئەو نەخشەڕێگەیەن لە ٣٠ی تەممووزی ٢٠٢٦ (٨ی گەلاوێژی ١٤٠٥) پەسەندیان کردووە. بەپێی نەخشەڕێگەکە، دەبێت حەماس چەکەکانی ڕادەستی دەسەڵاتێکی مەدەنی و تەکنۆکراتی فەلەستینی بکات و لە هیچ بەشێکی بەڕێوەبردنی داهاتووی غەززەدا بەشدار نەبێت.
هەروەها بەپێی پلانەکە، حکوومەتی تەکنۆکراتی فەلەستینی چەکە کۆکراوەکان ڕادەستی «هێزی نێودەوڵەتیی جێگیرکراو» دەکات. ئەم هێزە بە فەرماندەییی جەنەراڵ جاسپەر جێفەرزی ئەمریکی، چەکەکان لەکار دەخات و تونێل و بنکە سەربازییەکان دەپشکنێت.
نەتانیاهوو لە کۆبوونەوەکەدا گومانی قووڵی خۆی لە پابەندبوونی حەماس نیشان دا. ناوبراو بە کوشنەری گوتووە پێش چەکداماڵینی تەواوی حەماس لە غەززە ناکشێنەوە و ڕێگە بە ئاوەدانکردنەوەی بەرفراوانی ناوچەکەش نادەن. بەرپرسێکی ئیسرائیلی ڕایگەیاند هەردوو لا ڕێک کەوتوون جەنەراڵێکی ئەمریکی سەرپەرشتی و پشتڕاستکردنەوەی پرۆسەی چەکداماڵین بکات.
ڕۆژنامەی گاردیەن بڵاوی کردەوە، سەرەڕای وەسفکردنی کۆبوونەوەکە بە «درێژ و بنیاتنەر»، هیچ لێکتێگەیشتنێکی بنەڕەتی لەنێوان هەڵوێستەکانی ئیسرائیل و حەماسدا دروست نەبووە. ئیسرائیل پێداگری دەکات سەرەتا دەبێت حەماس چەک دابنێت؛ حەماسیش دەڵێت دەبێت سەرەتا ئیسرائیل هێرشەکان ڕابگرێت و لە ناوچە داگیرکراوەکان بکشێتەوە.
نەتانیاهوو ڕەخنەی لە کوشنەر گرتووە لەسەر ئەوەی بە ڕاستەوخۆ لەگەڵ ڕێبەرانی حەماس دانیشتووە. کوشنەریش لە وەڵامدا گوتوویەتی پێویست بووە لە زاری خۆیانەوە ببیستێت ئایا بە ڕاستی ئامادەن چەک دابنێن و لە دەسەڵاتی غەززە بکشێنەوە یان نا.
هەواڵگریی سەربازیی ئیسرائیل و دەزگای ئاسایشی نێوخۆ (شاباک)، لە کۆبوونەوەکەدا لیستی ئەو حاڵەتانەیان خستە ڕوو بە بۆچوونی ئەوان پێشێلکردنی ڕێککەوتن بووە لەلایەن حەماسەوە. نەتانیاهوو ئەنجامی ٢ ڕاپرسیی ناوخۆیی نیشانی کوشنەر داوە دەریانخستووە زۆرینەی خەڵکی ئیسرائیل پێش چەکداماڵینی حەماس لەگەڵ ئاوەدانکردنەوەی غەززەدا نین.
کوشنەر و نەتانیاهوو ڕێک کەوتن دوو تیمی کار پێک بهێنن. تیمی یەکەم لەسەر چەکداماڵین، لەناوبردنی تونێلەکان و شێوازی پشتڕاستکردنەوە کار دەکات. تیمی دووەمیش بەرپرسیار دەبێت لە باشترکردنی دۆخی مرۆیی، بە تایبەت دابینکردنی ئاوی خاوێن، ئاوەڕۆ و خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان لە غەززەدا.
هەروەها میکانیزمێکی هاوبەش بۆ «ڕێگریکردن لە پێکدادان» پێک دەهێنرێت. بەپێی پلانەکە، کاتێک ئیسرائیل جموجووڵێکی حەماس بە مەترسی بزانێت، زانیارییەکان دەداتە ئەو دەستەیە. پاشان نێوەندگیرانی میسری پرسەکە لەگەڵ حەماسدا تاوتوێ دەکەن بۆ ئەوەی پێش دەستپێکردنی کردەوەی سەربازی چارەسەر بکرێت.
پێناسەی «مەترسیی دەستبەجێ» یەکێکە لە خاڵە ناکۆکەکان. ترەمپ لە کاتی دیدارەکەدا داوای لە ئیسرائیل کرد هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر غەززە ڕابگرێت. بەرپرسانی ئەنجومەنی ئاشتی دەڵێن مەبەستی ترەمپ ئەو هێرشانەیە وەڵام نین بۆ مەترسییەکی ڕاستەوخۆ، بەڵام ئیسرائیل پێناسەیەکی فراوانتر بۆ ئەو مەترسییانە دەکات.
نووسینگەی نەتانیاهوو دوای دیدارەکە ڕایگەیاند ئاوەدانکردنەوە تەنیا دوای تەواوبوونی چەکداماڵین دەست پێ دەکات. بەرپرسانی ئەمریکاش ئاماژەیان بەوە کردووە ئیسرائیل ڕەزامەندیی دەربڕیوە دەرفەت بە پرۆسەکە بدات، بەڵام ئێستا دەبێت حەماس هەنگاوی کرداری، وەک ڕادەستکردنی بەشێک لە چەکەکانی، بهاوێژێت.
دۆخی سیاسیی نێوخۆی ئیسرائیل جێبەجێکردنی پلانەکەی سەختتر کردووە. نەتانیاهوو لە بەردەم هەڵبژاردنی ٢٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦دایە و لەلایەن هاوپەیمانە ڕاستڕەوە توندڕەوەکانییەوە لەژێر گوشاردایە، چونکە ئەوان هەر کشانەوە یان کەمکردنەوەی هێرشەکان بە سازش لەگەڵ حەماس لێک دەدەنەوە.
لە لایەکی ترەوە، قەیرانی مرۆیی لە غەززەدا بەردەوامە. بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستی لە غەززە، دوای دەستپێکردنی ئاگربەستی ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، لانیکەم ١٢٦٥ هاووڵاتیی فەلەستینی لە هێرشەکانی سوپای ئیسرائیلدا کوژراون. نەتەوە یەکگرتووەکان ئامارەکانی ئەو وەزارەتە بە باوەڕپێکراو دەزانێت. لە بەرانبەردا سوپای ئیسرائیل دەڵێت لە هەمان ماوەدا ٥ سەربازیان لە غەززەدا کوژراون.
ئاماژەی کوشنەر بە «٣٠ ڕۆژ» بە واتای تەواوبوونی پرۆسەی چەکداماڵین نییە، بەڵکوو وەک دەرفەتێک دیاری کراوە بۆ دەستپێکردنی هەنگاوە سەرەتایییەکان. سەرکەوتنی ئەم نەخشەڕێگەیە بەندە بەوەی ئایا حەماس چەک ڕادەست دەکات، ئیسرائیل هێرشەکان کەمدەکاتەوە و نێوەندگیران دەتوانن ڕێکارێکی باوەڕپێکراو بۆ چاودێری و ڕاگرتنی پێشێلکارییەکان دابمەزرێنن یان نا.

هەواڵی پەیوەندیدار

پەیامی پیرۆزبایی سەرۆكی هەرێمی كوردسان بەبۆنەی جەژنی رەمەزانی پیرۆز

یاسین

سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە باڵیۆز و کونسوڵی گشتی و نێردە و دیپلوماتی وڵاتان و نوێنەری ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەرێمی کوردستان دەکات

یاسین

موجتەبا خامنەیی فەرمانی بە هێزە چەکدارەکان کرد لە ڕووبەڕووبوونەوەی دوژمنان بەردەوام بن

سەڵاح