دوو سەرچاوەی ئاگادار لە پڕۆژەی دروستکردنی هێڵە نوێیەکانی گواستنەوەی نەوتی عێراق بۆ بەندەری بانیاسی سووریا ڕایانگەیاند، جێبەجێکردنی پڕۆژەکە نزیکەی 4 ساڵ دەخایەنێت و تێچووەکەشی بەلایەنی کەمەوە 15 ملیار دۆلار دەبێت.
ئاژانسی “ڕۆیتەرز” لە زاری ئەو دوو سەرچاوەیەوە کە ڕاستەوخۆ لە پڕۆژەکەدا بەشدارن و نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت، بڵاویکردەوە: “ماوەی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە دوو هێندەی ئەو کاتەیە کە بەرپرسانی ئەمریکی پێشبینییان کردبوو، ئەوەش بەهۆی پێویستی بە بنیاتنانی ژێرخانی نوێ و ئەگەری سەرهەڵدانی کۆسپ و تەگەرەی جیاواز.”
بۆچی هێڵە کۆنەکە بەکارناهێندرێت؟
یەکێک لە سەرچاوەکان ئاماژەی بەوە کردووە، هەرچەندە بەشێکی زۆری هێڵە نوێیەکە بە هەمان ڕێڕەوی هێڵی کۆنی (کەرکووک-بانیاس)دا تێدەپەڕێت، بەڵام ئەو بەشانەی هێڵە کۆنەکە کە تا ئێستا بە ساغی ماونەتەوە، لەگەڵ تایبەتمەندییە مۆدێرنەکاندا ناگونجێن و ناتوانرێت سوودیان لێ وەربگیرێت.
سەرچاوەی دووەم ڕوونی کردەوە کە پڕۆژەکە بریتییە لە دروستکردنی سیستمێکی نوێ و تەواو گشتگیر کە کێڵگە نەوتییەکانی باکوور و باشووری عێراق بە ناوەندی کۆکردنەوەی “حەدیسە” لە ڕۆژئاوای وڵات دەبەستێتەوە و لەوێشەوە بۆ بەندەری بانیاس لەسەر دەریای ناوەڕاست درێژ دەبێتەوە.
ئاڵنگارییەکانی بەردەم پڕۆژەکە
بەپێی گوتەی سەرچاوەکان، خشتەی کاتیی پڕۆژەکە پێویستی بە کاتی زیادە دەبێت بۆ لادانی پاشماوەی ژێرخانە کۆنەکان و بەدەستهێنانی ڕەزامەندی و مافی بەکارهێنانی زەوی لە ئیدارەی نوێی سووریا.
ڕاکردن لە گەرووی هورمز
ئەم پڕۆژە ستراتیژییە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی عێراقدا دێت بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە گەرووی هورمز، کە بەهۆی ئاڵۆزی و شەڕی نێوان واشنتن و تاران، جووڵەی کەشتیوانی و هەناردەی نەوت تێیدا ڕووبەڕووی مەترسی و پەککەوتنی بەردەوام بووەتەوە.
رۆیتهرز

