zagros news agency

36 کۆچبەری عێراقی لە لیبیا دەگەڕێندرێنەوە عێراق

 

ئەحمەد سەحاف، باڵیۆزی کاربەڕێکەری عێراق لە لیبیا، ئەمڕۆ چوارشەممە، 19ـی ئابی 2026، رایگەیاند، باڵیۆزخانەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتە تایبەتمەندەکانی لیبیا، توانیویانە چارەنووسی 36 کۆچبەری عێراقی ئاشکرا بکەن کە بە شێوەیەکی نایاسایی چوونەتە ئەو وڵاتە.
ئەحمەد سەحاف بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند “باڵیۆزخانەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتە تایبەتمەندەکانی لیبیا سەرکەوتوو بوو لە ئاشکراکردنی چارەنووسی 36 کۆچبەری عێراقی کە بە شێوەیەکی نایاسایی چوونەتە ناو لیبیا”.
سەحاف سەبارەت بە هەنگاوەکانی داهاتوو روونیکردەوە “هەوڵەکانی باڵیۆزخانەکە بە خێرایی بەڕێوەدەچن بۆ تەواوکردنی رێکارەکانی گەڕاندنەوەی خۆبەخشانەیان بۆ عێراق”.
کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا ئەوەشی خستەڕوو، باڵیۆزخانەکەیان پێشتر سەرکەوتوو بووە لە گەڕاندنەوەی 352 کۆچبەری دیکە بۆ وڵات.
سەحاف جەختیکردەوە، باڵیۆزخانەکە بەردەوامە لە پێشکەشکردنی پاڵپشتی مرۆیی بۆ کۆچبەران و گوتی: “هەنگاوەکانی پشتگیری مرۆیی بۆ کۆچبەران لەلایەن باڵیۆزخانەکەوە بە شێوەیەکی بەردەوام جێبەجێ دەکرێن و بریتین لە دابینکردنی توانای پەیوەندیکردن بە خێزانەکانیانەوە، لەگەڵ دابینکردنی خزمەتگوزاری پزیشکی و چارەسەری بە مەبەستی پاراستنی سەلامەتییان”.
بە گوتەی ئەو بەرپرسە، رێکارەکانی سەلماندنی رەگەزنامە و ناسنامەی کۆچبەران تەواو کراون. سەحاف لە کۆتاییدا جەختیکردەوە، وەزارەتی دەرەوە بایەخێکی زۆر بە دۆسیەی گەڕانەوەی خۆبەخشانە دەدات، بە مەبەستی پاراستنی ئاسایش و سەلامەتی تاکە عێراقییەکان لە مەترسییەکانی تۆڕەکانی قاچاخچێتی و مرۆڤفرۆشی.

هەواڵی پەیوەندیدار

وەزیری نەوت: زیاتر لە یەک ملیۆن بەرمیل نەوت لە هەرێم وەرگیراوە

سەڵاح

تۆمارکردنی هاوپەیمانیی و پارت و کاندیدەکان دەست پێدەکات

یاسین

سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە باڵیۆزی فینلاند لە عێراق دەکات

یاسین