ئەمڕۆ یەکشەممە، لیژنەی باڵای چاکسازیی پۆلیسی کوردستان بە سەرۆکایەتیی لیوا تاریق ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هەرێم، پێشوازییان لە “ڕالف شرۆدەر” سەرۆکی دەستەی ڕاوێژکارانی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق و شاندێکی یاوەری کرد.
لەو دیدارەدا کە خاتوو ڕۆندک فارس، بەڕێوەبەری ئەکادیمیا و سەرکردایەتی و بەڕێوەبردن لە دیوانی وەزارەت، عەمید سەعد عومەر، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای دهۆک و تیمی پرۆگرام ئۆفیسی وەزارەتی ناوخۆ ئامادەی بوون، تیشک خرایە سەر هەنگاوەکانی پەرەپێدانی دەزگاکانی پۆلیس.
وەزارەتی ناوخۆ لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئامانجی سەردانەکە لەنزیکەوە ئاگاداربوون بووە لە قۆناغەکانی پرۆسەی چاکسازیی پۆلیس لە پارێزگای دهۆک، بەتایبەتی لە “بنکەی پۆلیسی نموونەییی نزارکێ”. لە لایەن خۆیەوە، سەرۆکی دەستەی ڕاوێژکارانی یەکێتیی ئەورووپا دەستخۆشی لە هەوڵەکانی پۆلیسی کوردستان کرد و پاڵپشتیی تەواوی دەستەکەی بۆ سەرخستنی ئەم پرۆسەیە دووپات کردەوە.
له ڕاگهیهنراوهكه هاتووه، وەزارەتی ناوخۆ خاوەندارێتیی پڕۆژەی “چاکسازیی پۆلیسی نیشتمانیی کوردستان (٢٠٢٦-٢٠٣٠)” دەکات، کە پڕۆژەیەکی ستراتیژییە و لە لایەن دەستەی ڕاوێژکارانی یەکێتیی ئەورووپاوە پاڵپشتیی تەکنیکی و ڕاوێژکاری دەکرێت بە مەبەستی گونجاندنی سیستەمی پۆلیس لەگەڵ پێوەرە نێودەوڵەتییەکان.

