بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان ئاگادارییەکی گرنگ و بەپەلە ئاڕاستەی سەرجەم دوکاندار و فرۆشیارانی سنوورەکە دەکات، کە کار لە بواری فرۆشتن و زیادکردنی پارە (تۆپ-ئەپ) بۆ هەژماری یارییە ئەلیکترۆنییەکان دەکەن و هۆشدارییان دەداتێ لە ئەنجامدانی هەر مامەڵەیەک لەگەڵ منداڵان بەبێ ئاگاداری کەسوکاریان.
عەقید سۆران محەمەد غەریب، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان ڕایگەیاند: “هەموو ئەو دوکاندار و فرۆشیارانەی لە سنووری گەرمیان کار لە بواری زیادکردنی پارە بۆ هەژماری یاری و ئەپە ئەلیکترۆنییەکان دەکەن، وەک (Roblox، PUBG، PlayStation، TikTok، Minecraft، Domino) و هەر خزمەتگوزارییەکی تری هاوشێوە، ئاگادار دەکەینەوە کە نابێت بە هیچ شێوەیەک و بەبێ ڕەزامەندی و ئامادەبوونی دایک و باوک یان سەرپەرشتیاری منداڵەکە، پارە بۆ هەژمارەکانیان زیاد بکەن.”
وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان جەختی لەوەش کردەوە، کە ئەم بڕیارە بە مەبەستی پاراستنی منداڵان و مێردمنداڵانە لە بەکارهێنانی نادروستی پارە و کەمکردنەوەی ئەو کێشە کۆمەڵایەتیانەی بەهۆی ئەم بابەتەوە دروست دەبن.
لە کۆتایی ئاگادارییەکەدا پۆلیسی گەرمیان هۆشداری دەداتە دوکانداران و دەڵێت: “هەر دوکاندارێک پابەندی ئەم بڕیارە نەبێت، لە کاتی سەلماندنی پێشێلکارییەکەدا، بەپێی یاسا مامەڵەی توندی لەگەڵدا دەکرێت و ڕووبەڕووی لێپرسینەوە دەبێتەوە.”
ئەم هەنگاوەی پۆلیسی گەرمیان دوای زیادبوونی کێشە خێزانییەکان و سکاڵای بەشێک لە دایک و باوکان دێت کە منداڵەکانیان بەبێ ئاگاداری ئەوان بڕێکی زۆر پارەیان لە
یارییە ئەلیکترۆنییەکاندا خەرج کردووە.

