ئەمڕۆ یادی بهئازاری (38) ساڵەی تاوانی ئەنفالی بادینان دەکەینەوە کە لە 25ی ئاب تا 6ی ئەیلوولی 1988 لە دوا قۆناغی شاڵاوەکانی ئەنفالدا، ڕژێمی ئهوسای عێراق خەڵکی سڤیل، ئاو، خاک، هەوا و ژینگەی دەڤەری بادینانی بە چەکی قەدەغەکراو کردە ئامانج. لەم یادەدا، بە ڕێز و شکۆوە یادی هەموو شەهیدان و قوربانییانی ئەنفالی بادینان و تهواوی ئەنفالکراوانی کوردستان دەکەینەوە و سەری ڕێز و نەوازش لەبەردەم گیانی پاکیاندا دادەنوێنین.
ئەنفال تاوانێکی گەورەی دژ بە مرۆڤایەتی بوو کە لەلایەن دادگای باڵای تاوانەکانی عێراقەوە وەک تاوانی جینۆساید، تاوانی جەنگ و تاوانی دژی مرۆڤایەتی ناسێندراوە. بۆیە لەم یادەدا داواکاریمان لە حکوومەتی فیدراڵی عێراق دووپات دەکەینەوە بۆ قەرەبووکردنەوەی ماددی و مەعنەویی کەسوکاری قوربانییانی ئەنفال و تەواوی قوربانییانی تاوانەکانی ڕژێمی پێشوو لە هەرێمی کوردستان، هاوکات دەبێ هەوڵەکانمان بۆ ناساندنی ئەنفال لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی وەک جینۆساید بەردەوام بن.
دەبێ مێژووی پڕ لە تاوان و ماڵوێرانیی ڕابردوو ببێتە پەند و وانەیەکی هەمیشەیی بۆ عێراق تا ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی هەر جۆرە ستەمکاری و پێشێلکارییەک بکرێت و مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان و هەموو پێکهاتەکان پارێزراو بن. لەم پێناوەشدا، جەخت لە پتەوکردنی تەبایی، یەکڕیزی، پێکەوەژیانی ئاشتییانە و بەهێزکردنی هاریکاریی نێوان تەواوی لایەنە سیاسییەکان دەکەینەوە تا بتوانین داهاتوویەکی ئارام و سەقامگیر بۆ گەلەکەمان مسۆگەر بکەین.
دروود بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ئەنفالی بادینان و تەواوی شەهیدانی کوردستان. هەمیشە بە پێزانین و ڕێزەوە هەڵوێستی نیشتمانی و مرۆڤدۆستانەی خەڵکی هەولێر و دەوروبەری بەبیر دەهێنینەوە کە لە ڕۆژگاری سەختی کەمپی جێژنیکاندا بە هانای لێقەوماوانی بادینانەوە چوون.

