zagros news agency

وەزیری نەوتی عێراق: هەنگاوەکان بۆ واژۆکردنی گرێبەستی بۆڕیی ستراتیژیی هەناردەکردنی نەوت خێرا دەکرێن

 

ئەمڕۆ شەممە، 29ـی ئابی 2026، باسم محەمەد خزەیر عەبادی، وەزیری نەوتی عێراق جەختی لە گرنگیی ستراتیژی و ئابووریی پڕۆژەی بۆڕیی هەناردەکردنی نەوت (بەسرە – حەدیسە – پیشابوور) و (حەدیسە – بانیاس) بۆ داهاتووی وڵاتەکە کردەوە، وەزیر داوای کرد رێکارەکان بۆ گەیشتن بە قۆناخی واژۆکردنی گرێبەستی پڕۆژەکە لە زووترین کاتدا خێرا بکرێن.
وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، باسم عەبادی سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەیەکی بەرفراوانی کردووە. لەو کۆبوونەوەیەدا نەسیر عەزیز، بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری دەرهێنان، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای نەوتی بەسرە، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای نەوتی باکوور و ژمارەیەک لە کادیرە باڵاکانی وەزارەت ئامادە بوون.
بەشداربووان گفتوگۆیان لەبارەی هەنگاوە پراکتیکییەکانی پڕۆژەی بۆڕیی هەناردەکردنی ستراتیژی کرد. ئەو پڕۆژەیە وەک یەکێک لە گرنگترین هەوڵەکان بۆ هەمەجۆرکردنی دەروازەکانی هەناردەکردنی نەوتی عێراق دەبینرێت، کە توانای هەناردەکردنی رۆژانەی 2,250,000 بەرمیل نەوتی دەبێت.
هاوکات میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە لەلایەن هاوپەیمانییەکی پێکهاتوو لە کۆمپانیا جیهانییەکانەوە تاوتوێ کرا. ئەو هاوپەیمانییە لە کۆمپانیاکانی شیفرۆن و تی کاپیتاڵی ئەمریکی، لەگەڵ کۆمپانیای یو سی سیـی قەتەری پێکهاتووە.
باسم عەبادی لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا فەرمانی بە چڕکردنەوەی گفتوگۆ هونەری و بازرگانییەکان کرد. وەزیری نەوت روونیکردەوە، پڕۆژەکە گرنگییەکی ستراتیژی و ئابووریی گەورەی بۆ داهاتووی عێراق و پەرەپێدانی ژێرخانی کەرتی وزە هەیە.

هەواڵی پەیوەندیدار

پاریس سانجێرمان ئەستێرەیەکی ڕیال مەدریدی دەوێت

یاسین

هەناردەی نەوتی خاوی عێراق بۆ چین بە ڕێژەی 98% کەمبووەتەوە 

سەڵاح

زانیاری نوێ لەبارەی دابەشکردنی مووچە گەیشت

یاسین