دوای تێپەڕینی شەش مانگ لە دەستپێکردنی ململانێی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، هەڵسەنگاندنەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هیواکان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە لە ڕێگەی سەربازییەوە کەمتر بوونەتەوە و ململانێکە بەرەو قۆناغێکی نوێی ئابووری دەچێت.
سزاکانی ئەمریکا و فشارە ئابوورییەکان لەسەر ئێران بوونەتە ناونیشانی سەرەکیی ئەم قۆناغە، لەگەڵ ئەگەری فراوانبوونی کاریگەرییەکان لەسەر ئابووریی ئێران و کەمبوونەوەی جوڵەی بازرگانیی دەرەوەی ئەو وڵاتە.
لە بەرامبەردا، ڕێبەرایەتی ئێران دان بە قورسایی تێچووی ئابووریی ململانێکەدا دەنێت، بەڵام هێشتا پابەندە بە ستراتیژییەک کە دیپلۆماسی لەگەڵ بەکارهێنانی کارت و تواناکانی ناوچەیی تێکەڵ دەکات. لە گرنگترین ئەو کارت و فشارانەش تەنگەی هۆرموزە.
واشنگتن دەڵێت بە تەواوی کۆنترۆڵی تەنگەی هۆرموزی لە دەستدایە، بەڵام تاران جەخت دەکاتەوە کە هیچ کەشتییەک نابێت بەبێ هەماهەنگی لەگەڵ ئێران بە تەنگەکەدا تێپەڕێت.
لە بواری ئابووریش، ئێران ڕووبەڕووی قەیرانێکی گەورە بووەتەوە. نزیکەی ٧٠٪ی هاتوچۆی هەناردە و هاوردەی ئێران بە ڕێگەی بەندەری ڕەجایی لە بندەری عەباسەوە دەبێت، بەڵام وێنەکانی ڕۆژی شەممە نیشانیان داوە کە چالاکییەکانی ئەم بەندرە بە تەواوی وەستاون و نە بارکردن و نە دابەزاندنی بار تێیدا ئەنجام نەدراوە.
لە هەمان کاتدا، ئاژانسی **«تسنیم»**ی ئێران وێنە و ڤیدیۆی ساتە سەرەتاییەکانی بۆردومانی کۆگاکانی نەوت لە تاران بڵاوکردووەتەوە. ئەو هێرشە لە ماوەی شەڕی چل ڕۆژەدا، بەشێک لە توانای پشتیوانی و دابینکردنی سووتەمەنی لە پایتەختی ئێرانی لە کار خستووە.
بەپێی ئەو زانیارییە، کۆگاکانی سووتەمەنی لە باکووری ڕۆژهەڵات و باکووری ڕۆژئاواى تاران ئیتر لە بازنەی دابینکردنی سووتەمەنیدا نین.
هەروەها توانای کارکردنی کۆگای ناوچەی ڕەی لە باشووری ڕۆژهەڵاتی تاران، بۆ نزیکەی ٣٠٪ی توانای پێشووی دابەزیوە.
لە لایەکی دیکەوە، مسعود پزیشکیان، سەرۆکی ئێران، پێشتر ڕایگەیاندبوو کە هەناردە و هاوردەی ئێران بەهۆی سزاکانی ئەمریکا و ئەوەی بە «گەمارۆی دەریایی»ی بەندەرەکانی ئێران ناوی دەبات، نزیکەی ٣٥٪ کەمبووەتەوە.
پزیشکیان لە گفتوگۆیەکی تەلەفزیۆنی لەگەڵ تەلەفزیۆنی حکومی ئێراندا وتبووی: «وڵات لە دۆخی شەڕدایە و دەبێت ئەو بارودۆخەی شەڕە قبوڵ بکەین.»
بەڵام سەرۆکی ئێران هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە ئێران لە ماوەی کاریگەریی یادداشتنامەی تێگەیشتنە کورتخایەنەکەی نێوان ئەمریکا و ئێران، کە لە مانگی حوزەیراندا واژۆ کراوە، توانیویەتی نزیکەی ٩٠ ملیۆن بەرمیل نەوت بفرۆشێت.
پزیشکیان لە کۆتاییدا وتی کە بەهۆی کەمبوونەوەی هاتوچۆی بازرگانی و فشارە ئابوورییەکان، نرخی بەنزین لە کۆتاییدا دەبێت زیاد بکرێت بۆ ئەوەی لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی بازاڕ و دۆخی نوێی ئابووری هاوتەریب بێت.

