ڕۆژی شەممە، دەسەڵاتدارانی سۆماڵ ڕایانگەیاند کە هێزی دەریایی تورکیا بە هاوکاری هێزەکانی سۆماڵ، توانییان کەشتییەکی بازرگانی لە دەست چەتە دەریاییەکان لە کەناراوەکانی سۆماڵ ڕزگار بکەن. ئۆپەراسیۆنەکە ماوەی ١٠ ڕۆژی خایاند و بووە هۆی کوژرانی ١٤ چەکدار و تێکشکاندنی ٤ بەلەمی چەتەکان.
حکومەتی سۆماڵ لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، کەشتیی “لوتوف” کە ئاڵای وڵاتی کامیرۆنی پێوە بووە، دوای فشارێکی سەربازیی بەردەوام و چڕ، کۆنتڕۆڵ کراوەتەوە و چەتە دەریاییەکان ناچار کراون لێی ڕابکەن. لە ئێستادا کەشتییەکە پارێزراوە و دەستی بە گەشتەکەی کردووەتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی وەزارەتی بەرگری سۆماڵ، ئەم کەشتییە لە ١٧ی ئابدا لە ناوچەی “نوگال” لە ویلایەتی پۆنتلاند لەلایەن چەتەکانەوە ڕفێندرابوو. هەروەها داتاکانی پێگەی “مارین ترافیک” ئاماژە بەوە دەکەن کە کەشتییەکە لە کۆتایی مانگی تەممووزدا لە تورکیاوە بەڕێکەوتبوو و بەرەو بەندەری دارولسەلام لە تانزانیا دەچوو.
حکومەتی مقدیشۆ جەختی کردەوە کە ئەم ئۆپەراسیۆنە سەرکەوتووە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنامەی هاوکاریی بەرگریی نێوان سۆماڵ و تورکیا ئەنجامدراوە؛ ئەو ڕێککەوتنەی کە ئامانجی بەهێزکردنی ئاسایشی دەریایی، پاراستنی کەناراوەکانی سۆماڵ و بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی چەتەگەرییە لە ناوچەکەدا.
ئەم ڕووداوە لە کاتێکدایە کە ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان هۆشداری دەدەن لە دووبارە سەرهەڵدانەوەی چالاکییە چەتەگەرییەکان لە کەناراوەکانی سۆماڵ و دەریای سوور، کە مەترسی بۆ سەر جووڵەی بازرگانی جیهانی دروست کردووە.

