zagros news agency

سەرەڕای خەوتن هەست بە مادوویەتی دەکەی؟ 12 هۆکار لەوبارەوە ئاشکرا دەکرێن

 

هەندێک جار مرۆڤ کاتژمێری پێویست دەخەوێت، بەڵام لە کاتی بەخەبەرهاتندا هەست بە ماندوویەتی دەکات یان بە درێژایی رۆژ وزەی کەمی دەبێت. هەرچەندە لە زۆربەی حاڵەتەکاندا ماندوویەتی کاتییە، بەڵام بەردەوامبوونی بەبێ هۆکارێکی دیار رەنگە پەیوەندی بە کێشەی تەندروستی یان خووی رۆژانەوە هەبێت کە پێویستیان بە پێداچوونەوەیە.

کاتژمێری زۆری خەوتن بەو مانایە نییە خەوێکی کوالێتی بەرزمان هەبێت، چونکە کێشەکانی هەناسەدان یان بەئاگاهاتنەوەی زوو زوو، قۆناخەکانی خەو تێکدەدەن و جەستە لە پشووی پێویست بێبەش دەکەن.

لێرەدا 12 هۆکاری ئەگەریی هەستکردن بە ماندوویەتیی بەردەوام دەخەینە روو:

کێشەکانی تەندروستیی دەروونی
ماندوویەتی پەیوەندی بە خەمۆکی، دڵەڕاوکێ و گوشاری دەروونییەوە هەیە، بەتایبەت ئەگەر لەگەڵ تێکچوونی خەو، سەختی لە تەرکیزکردن یان لەدەستدانی حەز بۆ چالاکییە ئاساییەکاندا بێت.

پچڕانی هەناسە لە کاتی خەودا
راوەستانی هەناسە و دووبارەبوونەوەی لە کاتی خەودا، قۆناخەکانی خەو تێکدەدات و دەبێتە هۆی ماندوویەتی و خەواڵوویی لە رۆژدا. نیشانە باوەکانی ئەم حاڵەتە بریتین لە خورپەی دەنگی بەرز، هەناسەسواری یان تەنگەنەفەسی و بەئاگاهاتنەوەی زوو زوو لە شەودا.

کەمیی ئاسن
کەمیی ئاسن بەتایبەت کاتێک دەبێتە هۆی کەمخوێنی، ماندوویەتی، تەنگەنەفەسی، لێدانی خێرای دڵ و زەردبوونی پێست دروست دەکات.

کەمیی ڤیتامینەکان
کەمیی ڤیتامین B12 یان فۆلیک ئەسید دەبێتە هۆی کەمخوێنی و ماندوویەتی. هەروەها دابەزینی ئاستی ڤیتامین D لای هەندێک کەس لەگەڵ ماندوویەتی دەردەکەوێت، بەڵام سەلماندنی ئەوەی کەمییەکەی هۆکاری سەرەکییە، پێویستی بە هەڵسەنگاندن و پشکنینی پزیشکی هەیە.

سیستەمی خۆراکی ناهاوسەنگ
نەگەیشتنی وزە، پرۆتین، ڤیتامین و کانزا پێویستەکان بە جەستە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی چالاکییەکان، بەتایبەت کاتێک ژەمەکان پشتگوێ دەخرێن یان سیستەمی خۆراکیی زۆر توند پەیڕەو دەکرێت.

کەمیی شلەکان
هەستکردن بە ماندوویەتی، سەرئێشە، سەرگێژخواردن و وشکبوونی دەم لە نیشانە ئەگەرییەکانی وشکبوونەوەی جەستەن.

سستیی غوودەی دەرەقی
ماندوویەتی نیشانەیەکی سستیی غوودەی دەرەقییە و لەگەڵ هەستکردن بە سەرما، زیادبوونی کێش و سستی لە جووڵە یان بیرکردنەوەدا دەردەکەوێت. پزیشک حاڵەتەکە لە رێگەی نیشانەکان و پشکنینی کارکردنی غوودەکانەوە هەڵدەسەنگێنێت.

شەکرە
بەرزبوونی ئاستی شەکری خوێن ماندوویەتی دروست دەکات، بەتایبەت ئەگەر لەگەڵ تینوێتیی زۆر یان دابەزینی کێش بەبێ هۆکاردا بێت.

نەخۆشییە هەوکردنییە درێژخایەنەکان
هەندێک نەخۆشیی هەوکردنی و بەرگری، وەک هەوکردنی جومگەکانی رۆماتیزم، لەگەڵ ماندوویەتی، ئازار، ئاوسانی جومگەکان و رەقبوونیان دەردەکەون.

نەخۆشیی درێژخایەنی گورچیلە
ماندوویەتی لەگەڵ پێشکەوتنی نەخۆشیی درێژخایەنی گورچیلە دەردەکەوێت، بەڵام نەخۆشییەکە هەمیشە لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا نیشانەی ئاشکرای نییە و رەنگە تەنیا بە پشکنینی خوێن و میز ئاشکرا بکرێت.

تێکچوونی ماندوویەتیی درێژخایەن
تێکچوونی ماندوویەتیی درێژخایەن (ME/CFS) بە ماندوویەتییەکی توند و درێژخایەن جیادەکرێتەوە کە بە پشوو باش نابێت، لەگەڵ خەوێک کە مرۆڤ پێی حەوانەوە نابێت، کێشەی تەرکیزکردن و تێکچوونی زیاتری نیشانەکان دوای ماندووبوونی جەستەیی یان مێشکی.

نەخۆشییەکانی دیکە و شێرپەنچە
ماندوویەتیی بەردەوام نیشانەی هەندێک نەخۆشیی مەترسیدارە، لە نێویاندا جۆرەکانی شێرپەنچە، هەروەها لای تووشبووانی شێرپەنچە لە کاتی چارەسەردا باوە. ئەمە نیشانەیەکی گشتییە و تەنیا دەرکەوتنی بە تەنیا، بە واتای تووشبوون بەو نەخۆشییە نییە.

کاتێک سەردانی پزیشک پێویستە
سەردانیکردنی پزیشک پێشنیار دەکرێت ئەگەر ماندوویەتی چەند هەفتەیەک بەبێ هۆکار بەردەوام بوو، یان کاریگەری لەسەر کار و ژیانی رۆژانە هەبوو، یان لەگەڵ دابەزینی کێش بەبێ هۆکار، گۆڕانکاریی بەرچاو لە میزاج یان دەرکەوتنی نیشانەی نوێدا بوو.

پزیشک بەپێی نیشانەکان و مێژووی تەندروستی، داوای پشکنینی کەمخوێنی، شەکرە، تێکچوونی غوودەکان، کارکردنی گورچیلە و کەمیی هەندێک ماددەی خۆراکی دەکات. ماندوویەتیی بەردەوام وەک نەخۆشییەک لە خۆیدا نییە، بەڵکو نیشانەیەکە کە رەنگە خووی هەڵە یان حاڵەتێک لە پشتییەوە بێت کە پێویستی بە چارەسەرە، بۆیە دەستنیشانکردنی هۆکارەکەی لەلایەن پزیشکەوە، لە هەوڵدان بۆ دەستنیشانکردنی خودیی سەلامەتترە.

هەواڵی پەیوەندیدار

توێژینەوەیەک: كه‌مخۆری زؤر زياتر لە به‌رنامه‌ی خۆراكیی كاریگه‌ره‌

lana

نیشانەکانی منداڵ هەستیاری بە شیر چییە

lana

چەند رێنماییەكی گرنگ بۆ دووركەوتنەوە لە هیلاكبوونی چاوەكان

lana