ڕوانگەی عێراقی بۆ مافەکانی مرۆڤ هۆشدارییەکی بەپەلەی دا لەوەی زانیاریی باوەڕپێکراویان بەدەستگەیشتووە بڕیارە دەزگا ئەمنییەکان دەستبکەن بە چاودێریکردنی هەژمارەکانی “واتساپ”ی هاووڵاتییان، بەبێ ئەوەی هیچ مۆڵەت و بڕیارێکی فەرمییان لە دادگاوە وەرگرتبێت.
ڕوانگەکە ڕوونی کردەوە، ئەم جۆرە ڕێکارانە بەتەواوی دژی دەستووری عێراق و یاسا نێودەوڵەتییەکانن.
هەروەها ئاماژەی بەوە دا، ئەم مەترسییە تەنیا بۆ سەر ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان نییە، بەڵکو هەموو هاووڵاتییەک دەگرێتەوە، چونکە چاودێریکردنی نایاسایی هیچ سنوورێک ناسێنێت.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە،
بەپێی مادەکانی (١٧) و (٤٠) لە دەستووری عێراق، ژیانی تایبەتی خەڵک و پەیوەندییە تەلەفۆنی و ئینتەرنێتییەکانیان پارێزراون، و هیچ لایەنێک بۆی نییە چاودێرییان بكات مەگەر بە بڕیار و فەرمانی ڕاستەوخۆی دادوەر بێت.
ڕوانگەکە باسی لەوەش کردووە، تەنیا دادگا مافی ئەوەی هەیە بڕیار لەسەر ئەم بابەتانە بدات. مۆڵەتی دادوەری تەنیا ڕێگری لە دەزگا ئەمنییەکان ناکات، بەڵکو کارەکەیان یاسایی دەکات و دەستەکەوتەکانیان لە لێپرسینەوە دەپارێزێت.
ڕاشیگەیاند، ئەگەر هاووڵاتی هەست بکات مۆبایلەکەی لەژێر چاودێریدایە، تووشی ترس دەبێت، بێدەنگ دەبێت لە ئاست مافەکانی و متمانەی بە دامەزراوەکانی دەوڵەت نامێنێت.
ئاماژەی بەوەش دا، دەبێت ئەنجومەنی باڵای دادوەری ڕێگری بکات لەم پێشێلکارییانە و بەدواداچوون بۆ هەر سکاڵایەک بکات کە لەم بوارەدا تۆمار دەکرێت.
هەروەها حکومەت دەبێت فەرمانی بەپەلە بدات بە دەزگا ئەمنییەکان کە بەبێ فەرمانی دادگا چاودێریی کەس نەکەن.

