zagros news agency

لایەنە ئەمنییەکان چاودێریی واتساپی هاووڵاتییانی عێراق دەکەن

 

​ڕوانگەی عێراقی بۆ مافەکانی مرۆڤ هۆشدارییەکی بەپەلەی دا لەوەی زانیاریی باوەڕپێکراویان بەدەستگەیشتووە بڕیارە دەزگا ئەمنییەکان دەستبکەن بە چاودێریکردنی هەژمارەکانی “واتساپ”ی هاووڵاتییان، بەبێ ئەوەی هیچ مۆڵەت و بڕیارێکی فەرمییان لە دادگاوە وەرگرتبێت.

​ڕوانگەکە ڕوونی کردەوە، ئەم جۆرە ڕێکارانە بەتەواوی دژی دەستووری عێراق و یاسا نێودەوڵەتییەکانن.

هەروەها ئاماژەی بەوە دا، ئەم مەترسییە تەنیا بۆ سەر ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان نییە، بەڵکو هەموو هاووڵاتییەک دەگرێتەوە، چونکە چاودێریکردنی نایاسایی هیچ سنوورێک ناسێنێت.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە،
بەپێی مادەکانی (١٧) و (٤٠) لە دەستووری عێراق، ژیانی تایبەتی خەڵک و پەیوەندییە تەلەفۆنی و ئینتەرنێتییەکانیان پارێزراون، و هیچ لایەنێک بۆی نییە چاودێرییان بكات مەگەر بە بڕیار و فەرمانی ڕاستەوخۆی دادوەر بێت.

​ڕوانگەکە باسی لەوەش کردووە، تەنیا دادگا مافی ئەوەی هەیە بڕیار لەسەر ئەم بابەتانە بدات. مۆڵەتی دادوەری تەنیا ڕێگری لە دەزگا ئەمنییەکان ناکات، بەڵکو کارەکەیان یاسایی دەکات و دەستەکەوتەکانیان لە لێپرسینەوە دەپارێزێت.

​ڕاشیگەیاند، ئەگەر هاووڵاتی هەست بکات مۆبایلەکەی لەژێر چاودێریدایە، تووشی ترس دەبێت، بێدەنگ دەبێت لە ئاست مافەکانی و متمانەی بە دامەزراوەکانی دەوڵەت نامێنێت.

ئاماژەی بەوەش دا، دەبێت ئەنجومەنی باڵای دادوەری ڕێگری بکات لەم پێشێلکارییانە و بەدواداچوون بۆ هەر سکاڵایەک بکات کە لەم بوارەدا تۆمار دەکرێت.
هەروەها ​حکومەت دەبێت فەرمانی بەپەلە بدات بە دەزگا ئەمنییەکان کە بەبێ فەرمانی دادگا چاودێریی کەس نەکەن.

​

هەواڵی پەیوەندیدار

ژمارەی قوربانیانی لافاوەکەی پاکستان 200 کەسی تێپەڕاند

سەڵاح

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران: چڕکردنەوەی گوشارەکانی ئەمریکا تاوانە دژی مرۆڤایەتی

یاسین

ڕێباز حەملان، پەیامی مەسرور بارزانی لەبارەی مووچە بە سوودانی گه‌یاند

یاسین