لە چوارچێوەی یاسای خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکاندا (DSA)، کۆمیسیۆنی ئەورووپا چاتجیپێتی (ChatGPT)ی وەک مۆتۆڕی گەڕان و هەردوو سەکۆی ڕێدیت (Reddit) و ڕۆبلۆکس (Roblox)ی وەک سەکۆ ئۆنلاینە زۆر گەورەکان پۆلێن کرد. بەمەش هەرسێ کۆمپانیاکە کەوتوونەتە ژێر توندترین ڕژێمی ئاسایشی دیجیتاڵیی یەکێتییەکە و چوار مانگیان لەبەرگەشەدایە بۆ گونجاندنی سیستەمەکانیان لەگەڵ یاساکەدا.
پۆلێنکردنی نوێ و هۆکارەکەی:
چاتجیپێتی: کۆمیسیۆن بە «خزمەتگوزارییەکی تێکەڵاو» وەصفی کردووە و کردوویەتی بە مۆتۆڕی گەڕانی ئۆنلاین، چونکە توانای گەڕان لە وەب و وەڵامدانەوەی ڕاستەوخۆی بەکارهێنەرانی هەیە.
ڕێدیت و ڕۆبلۆکس: وەک سەکۆی ئۆنلاینی زۆر گەورە (VLOP) ناسێنراون، چونکە ڕێگە بە بەکارهێنەران دەدەن بە شێوەیەکی گشتی ناوەڕۆک بەرهەم بهێنن و بڵاوی بکەنەوە.
بەپێی یاسای DSA، هەر خزمەتگوزارییەک لە ئەورووپا زیاتر لە ۴٥ ملیۆن بەکارهێنەری مانگانەی هەبێت، دەکەوێتە ژێر ئاستی توندی چاودێری. کۆمپانیای OpenAI ڕایگەیاندووە چاتجیپێتی ۱۵۹ ملیۆن بەکارهێنەری مانگانەی لە ئەورووپا هەیە، لە کاتێکدا ڕێدیت ٥۷.۲ ملیۆن و ڕۆبلۆکس ۴۸ ملیۆن بەکارهێنەریان هەیە.
ئەرک و بەرپرسیارێتییە نوێیەکان:
ئەم سەکۆیانە تا کۆتایی مانگی تشرینی دووەم (نۆڤەمبەر) مۆڵەتیان هەیە تاوەکو خۆیان لەگەڵ پێوەرە نوێیەکاندا بگونجێنن.
ئەرکەکان برێتین لە: ئەنجامدانی هەڵسەنگاندنی ساڵانە بۆ مەترسییەکانی ناوەڕۆکی نایاسایی، پاراستنی منداڵان، کاریگەری لەسەر تەندروستیی دەروونی و جەستەیی، مافە بنەڕەتییەکان، پرۆسەی هەڵبژاردنەکان و ئاسایشی گشتی.
هاوکات دەبێت ڕازی ببن بە پشکنینی سەربەخۆ و پێدانی زانیارییەکان بە توێژەران و دامەزراوە ڕێکخەرەکان.
سزا داراییەکان و کاریگەرییە نێودەوڵەتییەکان:
جێبەجێنەکردنی یاساکە دەکرێت ببێتە هۆی سەپاندنی سزای دارایی تا ٦٪ی کۆی دااهاتی ساڵانەی جیهانیی کۆمپانیاکە.
تا ئێستا یەکێتیی ئەورووپا نێزیکەی ۸۷۰ ملیۆن یۆرۆ سزای دارایی بەسەر کۆمپانیا جیاوازەکاندا سەپاندووە (لەوانە ٥٥۰ ملیۆن یۆرۆ بۆ عەلی ئێکسپرێس، ۲۰۰ ملیۆن یۆرۆ بۆ تێمو، و ۱۲۰ ملیۆن یۆرۆ بۆ سەکۆی X).
ئەم بڕیارە نوێیانە ئەگەری هەیە گرژییە سیاسی و ئابوورییەکانی نێوان واشنتۆن و بڕۆکسل زیاتر بکات، بەتایبەت دوای ئەوەی ئیدارەی ئەمریکا سزادانی کۆمپانیا ئەمریکییەکانی بە «جۆرێک لە باج و سزادانی ئابووری» وەسف کردبوو.

