zagros news agency

حکوومەتی ترەمپ ڕێگری لە بەشداریی بەشێک لە ڕۆژنامەنووسان لە دانیشتنی گرووپی ٢٠دا دەکات

 

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا وەک میوانداری دانیشتنی وەزیرانی دارایی و سەرۆکی بانکە نێوەندییەکانی گرووپی ٢٠ لە شاری ئاشڤیل لە ویلایەتی کارۆلاینای باکوور، ڕێگری لە پێدانی مۆڵەت بە چەند ڕۆژنامەنووسێکی دەزگا میدیایییە گەورەکانی ئەمریکا کرد.
بەپێی هەواڵی میدیاکان، ڕۆژنامەنووسانی نیویۆرک تایمز، واڵ ستریت جۆرناڵ و ئاژانسی بلومبێرگ ڕێگەیان پێ نەدرا لەم دانیشتنە دوو ڕۆژەیەدا بەشدار بن کە لە ڕۆژی دووشەممە ٣١ی ئابەوە دەستی پێکردووە. بلومبێرگ نیووز لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند پێشگرتن لە ڕۆژنامەنووسان ئازادیی میدیا و لێپرسینەوەی گشتی لاواز دەکات. ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزیش ئەم بڕیارەی وەک هەوڵێک بۆ ڕاکردن لە چاودێریی گشتی وەسف کرد.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ڕایگەیاندووە نزیکەی ٣٠٠ ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی میدیایی لە دەوروبەری ١٢ وڵاتەوە لەم دانیشتنەدا ئامادەن. ئەم وەزارەتخانەیە ڕایگەیاندووە ئەو میدیایانەی دەستیان بە بڕیاربەدەستان دەگات، بەرپرسیارن زانیارییە دروستەکان بەپێی پێوەرە ناسراوەکانی کاری ڕۆژنامەوانی بڵاو بکەنەوە.
ئەم سنووردارکردنە نوێیە لە درێژەی بەربەرەکانێی حکوومەتی دۆناڵد ترەمپە لەگەڵ ئەو میدیایانەی ترەمپ بە ڕەخنەگر یان «چەپڕەو» پێناسەیان دەکات. ناوبراو لە سەرەتای خولی دووەمی سەرۆکایەتیی خۆیەوە چەندین جار هێرشی کردووەتە سەر میدیا ڕەخنەگرەکان، لەوانەش سکاڵای یاسایی لە دژی واڵ ستریت جۆرناڵ و نیویۆرک تایمز تۆمار کردووە و فەرمانی بە کەمکردنەوەی هاوکارییە دەوڵەتییەکان بۆ میدیا گشتییەکان داوە. ترەمپ ڕۆژی یەکشەممەش لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشاڵ ڕۆژنامەنووسێکی کەناڵی ئێن‌بی‌سی (NBC) بە هەواڵسازیی هەڵە تۆمەتبار کرد و گوتی دەبێت سزا بدرێت.
هاوکات لارس کلینگبایل، وەزیری دارایی ئەڵمانیا، بەشداری لە کۆبوونەوەکەی ئاشڤیلدا دەکات. سەرەتا کێشە بۆ مۆڵەتی ڕۆژنامەنووسی نیویۆرک تایمز لە بەرلین دروست ببوو، بەڵام سەرەنجام مۆڵەتی بەشداربوونی پێ درا.

هەواڵی پەیوەندیدار

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە میری ئێزدییان دەکات

یاسین

خولی فەرەنسا.. پاریس بەردەوامە لە لەدەستدانی خاڵ

یاسین

شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی: دوو سیستەمی ڕادار لەناوبران

سەڵاح