بڕیارە چوارچێوەی هەماهەنگی، سبەی کۆبوونەوەی خولیی خۆی بە مەبەستی تاوتوێکردنی کۆمەڵێک دۆسیەی گرنگ لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، عەلی زەیدی ساز بکات.
سەرچاوەیەک لە چوارچێوەی هەماهەنگی لە لێدوانێکدا بۆ شەفەق نیوز ڕایگەیاند کە سەرکردەکانی چوارچێوەکە ڕۆژی دووشەممە بە ئامادەبوونی زەیدی کۆ دەبنەوە، تاوەکو تاوتوێی پرس و دۆسیە گرنگەکانی تایبەت بە کاروباری ناوخۆیی و هەرێمی بکەن.
دیارترین تەوەر بریتی دەبێت لە پێشکەشکردنی کورتەیەکی زانیاری لەلایەن سەرۆکی حکومەتەوە سەبارەت بە ئەنجامی سەردانە فەرمییە ئەنجامدراوەکانی دوایی بۆ ئوردن و سووریا، هاوکات لەگەڵ خستنەڕووی ئەو دۆسیە نهێنی و ئاشکرایانەی کە دەخرێنە ناو کارنامەی سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی بۆ کوێت و بەحرێن.
ئەم کۆبوونەوەیە دوای ئەوە دێت کە سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاشکرای کردبوو کە زەیدی لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا سەردانێک بۆ بەحرێن و کوێت ئەنجام دەدات.
سەردانەکەی سەرۆکوەزیران ئامانجی چارەسەرکردنی دۆسیە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان عێراق و کوێت، کاریگەریی بەندەری موبارەک، و دۆخی پێکهاتەی شیعەیە لە بەحرێن، تاوەکو دیپلۆماسیی نیشتمانی بێتە جێگرەوەیەکی سەقامگیر بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان لە ناوچەکەدا.

