مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکدا سەرەخۆشی و هاوخەمی خۆی بۆ کۆچی دوایی مێژوونووس، نووسەر و ئەکادیمیست، د. عەبدولفەتاح عەلی بۆتانی، سەرۆکی پێشووی ئەکادیمیای کوردی دەربڕی.
لە پەیامەکەیدا، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان وێڕای دەربڕینی هاوخەمی، سەرەخۆشی ئاراستەی بنەماڵە، کەسوکار و سەرجەم هاوکارانی خوالێخۆشبوو کرد.
مەسرور بارزانی لە خودای مەزن داواکارە کە گیانی کۆچکردوو بە بەهەشت شاد بکات و ئارامی و دڵنەواییش بە هەمووان ببەخشێت.
د. عەبدولفەتاح بۆتانی، یەکێک بوو لە کەسایەتییە دیارە ئەکادیمی و مێژووییەکانی کوردستان کە خزمەتێکی زۆری بە بواری مێژوو و ئەدەبیاتی کوردی کردووە و بۆ ماوەیەکیش سەرۆکی ئەکادیمیای کوردی بووە.
ئەمەش دەقی پرسەنامەکەیە:
پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکار و هاوکارانی مێژوونووس، نووسەر، ئەکادیمیست و سەرۆکی پێشووی ئەکادیمیای کوردی، خوالێخۆشبوو د. عەبدولفەتاح عەلی بۆتانی دەکەم و هاوبەشی خەمیانم .
خوای مەزن گیانی بە بەهەشت شاد بکات و ئارامی و دڵنەواییش بە هەمووان ببەخشێت.
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
01 ئەیلوول

