لە چوارچێوەی چالاکییەکانی ٨٣یەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤینیس، کە لە ٢ تا ١٢ی ئەیلوولی ٢٠٢٦ بەڕێوەدەچێت، تێیدا یەکەم نمایشی جیانیی فیلمی سینەمایی (No Paradise If You Are Killed by a Woman) واتە “بەهەشت نییە ئەگەر ئافرەتێک بتکوژێت” بەڕێوەدەچێت.
فیلمەکە لە بەشی نمایشی “فیلمەکانی نیوەشەو” لە دەرەوەی پێشبڕکێی فەرمی پێشاندەرێت.
فیلمەکە ماوەکەی 110 خولەکە و لە دەرهێنانی دەرهێنەری کورد ههڵكەوت مستەفایە، لە پاڵەوانێتیی ئەکتەران ئاڤان جەمال و ثۆربۆرن هارە.
ڕووداوەکان لە دەوری کارەکتەری ڤیان دەخولێنەوە؛ نیشانەشکێنێکی کوردە کە لە جەنگ ڕزگاری بووە، بەڵام دوای بەدەستگەیشتنی زانیاری لەسەر ئەگەری زیندوومانەوەی خوشکە بچووکەکەی کە لە کاتی هێرشی داعش بۆ سەر مووسڵ لە ساڵی 2014دا بێسەروشوێن ببو، بڕیاری گەڕانەوە بۆ ناو شاری مووسڵ دەدات.
گەشتەکەی ڤیان لە بەدواداگەڕانێکی سادەوە دەگۆڕێت بۆ ئەرکێکی ڕزگارکردنی مەترسیدار و ڕووبەڕووبوونەوەیەکی نوێ لەگەڵ پاشماوە و شوێنەوارەکانی جەنگدا.
بەرهەمهێنان لە شوێنی ڕاستەقینەی ڕووداوەکاندا
دەرهێنەر هەڵکەوت مستەفا، کە خۆی لە تەمەنی منداڵییەوە وەک پەنابەر ڕووی لە نەرویج کردووە، جەختی لەوە کردووەتەوە کە بیرۆکەی فیلمەکەی لە چیرۆکی ڕاستەقینەی نیشانەشکێنێکی ئافرەتی هێزەکانی پێشمەرگە وەرگرتووە کە لە ساڵی 2024دا لە هێڵەکانی پێشەوەی بەرگریدا چاوی پێیکەوتووە.
بۆ ڕەنگدانەوەی واقیعییەتی ڕووداوەکان، دەرهێنەر بڕیاریدا دیمەنەکانی فیلمەکە لەناو کەلاوە ڕاستەقینەکانی شاری مووسڵدا وێنە بگرێت، تا کەرەستەیەکی بینراوی راستەقینە پێشکەش بە بینەر بکات.
تیمی بەرهەمهێنان و هاوکاری نێودەوڵەتی
کاری نووسین و دەرهێنانی فیلمەکە لەلایەن هەڵکەوت مستەفاوە کراوە، بەرهەمهێنانی لەلایەن هەریەک لە جانی هێڵتنس و جۆن ئێم. جاکۆبسن ئەنجام دراوە. هەروەها شاد ئیسماعیل، فریدریك زاندەر و مەسعود ئامروڵڵا ئەلعەلی هاوبەشییان لە بەرهەمهێناندا کردووە لە ڕێگەی کۆمپانیای هەنێ فیلمس، بە هاوکاری کۆمپانیای لا میدیا لە هەرێمی کوردستان و (The Chimney Pot) لە سوێد.
بەرهەمەکانی پێشووی دەرهێنەر و پێشوازی ناوەندە سینەماییەکان
هەڵکەوت مستەفا پێشتریش چەندین بەرهەمی پێشکەش کردووە، لەوانە فیلمی سینەمایی “کلاسیکۆ” و بەڵگەفیلمی “شاردنەوەی سەدام حوسێن” کە دەنگدانەوەی زۆر و داهاتی زۆریان هەبوو.
کێرستی مو، سەرۆکی جێبەجێکاری پەیمانگەی فیلمی نەرویجی (NFI)، خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە هەڵبژاردنی فیلمەکە لە فێستیڤاڵی ڤینیس و ڕایگەیاند، ئەم بڕیارە دانپێدانانێکی نێودەوڵەتی گرنگە بۆ ئاستی سینەمای نەرویجی لە یەکێک لە کۆنترین فێستیڤاڵە سینەماییەکانی جیهاندا.

