توێژینەوەیەکی نوێ ئاشکرای دەکات کە جیاوازییەکی ورد لە دی ئێن ئەی دەتوانێت کاریگەریی لەسەر ئامادەیی هەندێک کەس بۆ تووشبوون بە نەخۆشیی ئەلزایمەر هەبێت. ئەم دۆزینەوەیە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە ناسینەوەی ئەو کەسانەی زیاتر لە مەترسیدان.
پسپۆڕانی چەندین دامەزراوە لە هۆنگ کۆنگ، لە توێژینەوەیەکدا کە ڕۆژی ١٢ی تشرینی یەکەم لە گۆڤاری “نەیچەر نۆرۆساینس” بڵاو کرایەوە، گوتیان ئەو بەشداربووە چینییانەی ژمارەی دووبارەبوونەوەی زنجیرەیەکی دیاریکراو لە دی ئێن ئەییان زیاتر بووە، ئەگەری تووشبوونیان بەم نەخۆشییە زیاتر بووە. ئەم پەیوەندییە لە بەشداربووە ئەورووپییەکانیشدا بەدی کراوە، بەڵام زۆر لاوازتر بووە.
بە گوێرەی ڕاپۆرتی نیوزویک، توێژەران پێشتر چەندین جۆری بۆماوەییان دەستنیشان کردبوو پەیوەندییان بە مەترسیی تووشبوون بە ئەلزایمەرەوە هەیە. هەروەها دەرکەوتووە ئەو کەسانەی یەکێک لە دایک و باوک یان خوشک و براکانیان تووشی ئەم نەخۆشییە بووبن، بە بەراورد لەگەڵ ئەوانەی ئەم جۆرە مێژووە خێزانییەیان نییە، زیاتر لە مەترسیی تووشبووندان. بەڵام ئەمە بە مانای تووشبوونی یەکلاکەرەوەی کەسەکە نییە و تەنیا ئەگەری تووشبوون زیاد دەکات. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەلزایمەر هۆکارێکی بۆماوەیی تاکەکەسی نییە و پێشبینی دەکرێت تێکەڵەیەک لە هۆکارە بۆماوەیی، شێوازی ژیان و ژینگەیی ڕۆڵیان لە سەرهەڵدانی دا هەبێت.
پسپۆڕان لەم توێژینەوەیەدا ویستوویانە بزانن ئایا ژمارەی دووبارەبوونەوەی هەندێک زنجیرەی بۆماوەیی، لە جیاتی گۆڕانکارییە بۆماوەییە دیاریکراوەکان، دەتوانێت کاریگەریی لەسەر مەترسیی تووشبوون هەبێت یان نا.
ئەم توێژینەوەیە زیاتر لە سێ هەزار کەسی لە کۆمەڵگەیەکی چینیدا لەخۆ گرتبوو کە نزیکەی نیوەیان تووشی ئەلزایمەر بووبوون. بۆ لێکۆڵینەوە لەوەی ئایا دۆزینەوەکان لە کەسانی خاوەن ڕەگەزی جیاوازیشدا وەک یەکن، داتای بۆماوەیی و تۆمارەکانی بەنکی بایۆلۆژیی بەریتانیا، پەیوەندییان بە نزیکەی دوو هەزار و ٦٠٠ کەسی تووشبوو بە ئەلزایمەر و نزیکەی ٢٣ هەزار کەس لە گرووپی کۆنترۆڵەوە هەبوو، بەکار هێنرا.
توێژەران بە بەکارهێنانی داتای ١١ بەشداربووی چینی، سەرچاوەیەکی وردتریان لە پێکهاتە جیاوازەکانی دی ئێن ئەی ئامادە کرد و پاشان کۆمەڵە داتاکانی خوێندنەوەی دی ئێن ئەیی بەشداربووانی دیکەیان شیکار کرد. ئەوان بۆیان دەرکەوت کە زنجیرەی بۆماوەیی سی سی جی (CCG)، بەشێکە لە دی ئێن ئەیی ڕێکخەری چالاکیی جینی ئێف ئەی ئێم ١٩٣ بی (FAM193B)، دەتوانێت نیشانەی گرنگی تێدا بێت سەبارەت بە ئەگەری تووشبوونی هەندێک کەس بە ئەلزایمەر.
ئەوان تێبینییان کرد کە ژمارەی دووبارەبوونەوەی زنجیرەی سی سی جی لە نێوان بەشداربوواندا لە ٤ بۆ ٣٠ جار گۆڕانکاریی بەسەردا دێت. هەروەها بۆیان دەرکەوت کە ئەگەری تووشبوون بە ئەلزایمەر لەو کەسانەی لانیکەم ١٨ دووبارەبوونەوەیان هەبوو، دوو ئەوەندەی ئەو کەسانە بوو کە ژمارەی دووبارەبوونەوەکانیان لە ١١ تێپەڕی نەدەکرد. ئەم دۆزینەوەیە ئاماژە بە زیادبوونی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکە دەکات، نەک دوو ئەوەندەبوونی مەترسیی تووشبوونی کەسەکە لە ماوەی ژیانیدا.
مایکل لوتز، پڕۆفیسۆری دەمارناسی و پاتۆلۆژی لە زانکۆی دووک، بە نیوزویکی گوت: “ئەم بابەتە چاوەڕواننەکراو نییە؛ زۆرێک لە جۆرە بۆماوەییەکان، لەوانە ئەی پی ئۆ ئی (APOE)، لە کۆمەڵگە خاوەن ڕەگەزە جیاوازەکاندا، قەبارەی کاریگەریی جیاوازیان هەیە.” ئەی پی ئۆ ئی جینێکە پەیوەندیی بە ئەلزایمەرەوە هەیە و جۆری ئەی پی ئۆ ئی ٤ (APOE4)ی بەهێزترین هۆکاری مەترسیی بۆماوەیی ناسراوە بۆ ئەم نەخۆشییە.
پسپۆڕان تیشکیان خستە سەر ئەوەی کە ئەم ئەنجامانە بەو مانایە نین کە ژمارەی زیاتری دووبارەبوونەوەکانی سی سی جی بە دڵنیاییەوە زیان بە خانە دەمارییەکان دەگەیەنێت یان پەیوەندییە بەدی کراوەکە بە تەواوی ڕوون دەکاتەوە.
بە گوتەی لوتز، هێشتا زووە بۆ هەڵسەنگاندنی کاریگەریی ئەم دۆزینەوانە لەسەر خۆپاراستن و چارەسەرکردنی ئەلزایمەر، بەڵام یەکەمین بەکارهێنانی ئەم دۆزینەوەیە دەتوانێت پێشبینیکردنی مەترسیی تووشبوون بە ئەلزایمەر بێت.

