بە گوێرەی توێژینەوەیەکی نوێ لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کحول لەوەی پێشتر تصەور دەکرا زیاتر ڕۆڵی لە گیانلەدەستدان بە جۆرە جیاوازەکانی شێرپەنجەدا هەیە.
تۆڕی «سی ئێن ئێن» بڵاوی کردەوە، هەرچەندە ڕێژەی گشتیی گیانلەدەستدان بە شێرپەنجە کەمی کردووە، بەڵام لە ماوەی ٣٣ ساڵی ڕابردوودا لە ئەمریکا، پشکی ئەو گیانلەدەستدانانەی شێرپەنجە پێوەندییان بە کحولەوە هەیە لە نێو کەسانی تەمەن ٢٠ ساڵ و بەرەو سەر دوو هێندە زیادی کردووە. ئەم زیادبوونەش لە شێرپەنجەکانی مەمک، پرۆستات، ڕیخۆڵەئەستوورە، کۆم، گەدە، پەنکریاس، جگەر و شێرپەنجەکانی سەر و ملدا بینراوە.
دکتۆر چینمای جانی، توێژەری سەرەکی لە بەشی شێرپەنجەی زانکۆی میامی لەم بارەیەوە گوتی، لە نێو کەسانی تەمەن ٢٠ تا ٥٤ ساڵدا، شێرپەنجەی ڕیخۆڵەئەستوورە و کۆم بووەتە هۆکاری سەرەکیی مردن بە شێرپەنجەی پێوەندیدار بە کحول لە نێو پیاواندا و دووەم هۆکاریش لە نێو ژناندا، کە لە شێرپەنجەی جگەر پێش کەوتوون؛ لە نێو ژنانیشدا شێرپەنجەی مەمک هۆکاری سەرەکی بووە. جانی ڕوونی کردەوە، بۆ دروستبوونی ئەم مەترسییە، پێویست ناکات بڕێکی زۆر کحول بخورێتەوە، بەڵکو خواردنەوەی تەنانەت ڕۆژانە یەک یەکەی ستانداردیش ئەو کاریگەرییەی هەیە.
دکتۆر ئەندرۆ فریمان، پسپۆڕی دڵ لە دێنڤەر لەم بارەیەوە گوتی، دۆزینەوە زانستییە نوێیەکان ئەو باوەڕە پێشووە ڕەت دەکەنەوە و دەریدەخەن هیچ بڕێکی کحول بە بێمەترسی هەژمار ناکرێت.
پەیمانگەی نیشتمانیی شێرپەنجە لە ئەمریکا ڕایگەیاندووە، کحول بە چەندین ڕێگا یارمەتیی گەشەی خانە شێرپەنجەییەکان دەدات:
١. گۆڕینی ئاستی هۆرمۆنەکان، لەوانە ئیسترۆجین، کە هۆکارێکی سەرەکیی شێرپەنجەی مەمکە.
٢. شیبوونەوەی کحول لە جگەردا بۆ ماددەی «ئاستاڵدیهاید» کە ماددەیەکی شێرپەنجەهێنەرە و زیان بە ترشی ناوەکی (DNA) دەگەیەنێت و پرۆسەی چاکبوونەوەی تێک دەدات.
٣. دروستکردنی سترێسی ئۆکسێنەر و هەوکردن لە جەستەدا، هاوکات لاوازکردنی خانەکانی دەم و قورگ بەرانبەر ماددە شێرپەنجەهێنەرەکان (بەتایبەت لە کاتی کێشانی جگەرەدا).
٤. تێکدانی توانای مژینی ڤیتامینە گرنگەکانی وەک (A, C, D, E) و فۆلات.
ئەم توێژینەوەیە لە گۆڤاری «Lancet»دا بڵاو کراوەتەوە و ئاماژە بەوە دەکات لە نێوان ساڵانی ١٩٩٠ تا ٢٠٢٣، ژمارەی ساڵانەی مردن بە شێرپەنجەی پێوەندیدار بە کحول لە ئەمریکا لە ١١ هەزار و ٣٦١ حاڵەتەوە بۆ ٢٣ هەزار و ١٢٦ حاڵەت بەرز بووەتەوە. زیاترین کاریگەری لە نێو پیاوان و بەساڵاچوواندا تۆمار کراوە، هەرچەندە لە نێو ژنان و گەنجاندا بە بڕێکی کەمتری کحولیش مەترسیی تووشبوون زۆر بەرز دەبێتەوە. جانی گوتیشی باشترین بژاردە بۆ پاراستنی تەندروستی، کەمکردنەوەی بەکارهێنانی کحولە بۆ نزمترین ئاستی گونجاو.

