zagros news agency

١٤ ماددەی سروشتیی کاریگەر لە کەمکردنەوەی نیشانەکانی خەمۆکیدا

 

خەمۆکی نەخۆشییەکی ئاڵۆزە و گوازەرەوە دەمارییەکانی وەک سێرۆتۆنین و دۆپامین، هەوکردن و سیستمی خۆراکی کاریگەرییان لەسەر دروستبوون یان توندبوونی نیشانەکانیدا هەیە. گۆڤاری «هێڵسی» ئاماژەی بە ١٤ ماددەی سروشتی و تەواوکەری خۆراکی کردووە کە دەکرێت لە کەمکردنەوەی نیشانەکانی خەمۆکیدا ڕۆڵیان هەبێت:
١. لاڤاندەر (ئیسپلاخ/ئەستۆخودووس): بەکارهێنانی کەپسوول یان چای لاڤاندەر و هەڵمژینی ڕۆنەکەی یارمەتیی کەمکردنەوەی دڵەڕاوکێ و خەمۆکی دەدات.
٢. ڤیتامین D: کەمیی ئەم ڤیتامینە پێوەندیی بە خەمۆکییەوە هەیە، چونکە بەشدارە لە بەرهەمهێنانی سێرۆتۆنیندا؛ وەرگرتنی تەواوکەرەکەی نیشانەکان باشتر دەکات.
٣. زەعفەران: تاقیکردنەوە کلینیکییەکان دەریانخستووە کاریگەریی زەعفەران لەسەر خەمۆکیی کەم تا مامناوەند لەگەڵ هەندێک دەرمانی باودا هاوشێوەیە.
٤. گوڵی ڕاعی (St. John’s wort): لە خەمۆکیی کەم تا مامناوەند کاریگەریی وەک دەرمان هەیە، بەڵام کارلێکی مەترسیدار لەگەڵ دەرمانی تردا دەکات و نابێت لەگەڵ دەرمانی دژەخەمۆکیدا بخورێت.
٥. مەگنیسیۆم: لە ڕێکخستنی میزاج و خەودا ڕۆڵی هەیە و لە ڕێگای سەوزە، چەرەزات، دانەوێڵە، پاقلەمەنی و ماسییەوە دەست دەکەوێت.
٦. زینک (ڕووی): کەمیی زینک پێوەندیی بە خەمۆکییەوە هەیە و بە بەکارهێنانی تۆوی کولەکە و ئەڤۆکادۆ قەرەبوو دەکرێتەوە.
٧. کۆرکومین (ماددەی کاریگەری نێو زەردەچەوە): بە هۆی تایبەتمەندیی دژەهەوکردن و دژەئۆکسانەوە، یارمەتیی کەمکردنەوەی خەمۆکی و دڵەڕاوکێ دەدات.
٨. پرۆبایۆتیکەکان: باکتریای سوودبەخشی ڕیخۆڵە کاریگەری لەسەر باری دەروونی دادەنێت و دەکرێت نیشانەکانی خەمۆکی کەم بکاتەوە.
٩. ترشە چەورییەکانی ئۆمێگا ٣: بەتایبەت پێکهاتەی (EPA) کە لە ماسییە چەورەکاندا هەیە، لە کەمکردنەوەی هەوکردن و باشترکردنی فەرمانی سێرۆتۆنیندا بەسوودە.
١٠. ئێڵ-میسیل فۆلات: جۆرێکی تەواوکەری ڤیتامین B9یە و لە دروستکردنی سێرۆتۆنیندا بەشدارە.
١١. ڤیتامینەکانی تری گرووپی B: کەمیی ڤیتامین B6 و B12 دەبێتە هۆی تێکچوونی باری دەروونی.
١٢. ٥-هایدرۆکسی تریپتۆفان (5-HTP): لە ترشە ئەمینیی تریپتۆفان دروست دەبێت و لە بەرهەمهێنانی سێرۆتۆنیندا بەکاردێت.
١٣. ئێس-ئادینۆسیل میتیۆنین (SAMe): تەواوکەرێکە بەتایبەت لە پاڵ دەرمانە دژەخەمۆکییەکاندا نیشانەکانی نەخۆشییەکە کەم دەکاتەوە.
١٤. گلوتاتیۆن: دژەئۆکسانێکە لە لەشدا بەرهەم دێت و کەمبوونەوەی لە مێشکدا مەترسیی کێشە دەروونییەکان زیاد دەکات.
پسپۆڕان جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەم پێکهاتانە نابێت جێگەی چارەسەری دەروونی، دەرمانی پزیشک، یان گۆڕینی شێوازی ژیان بگرنەوە، هەروەها «سروشتیبوون» بە مانای بێمەترسیبوون نایەت و پێویستە بە ڕاوێژی پزیشک بەکار بهێنرێن.

هەواڵی پەیوەندیدار

نەخۆشی پاقلە چییە

lana

ئایا پێویستە خورما پێش خواردنی بشۆرێتەوە

lana

ئایا پێویستە بەرهەمە شیرەمەنییەكان بەشێك بن لە ژەمەكانت

lana