zagros news agency

سەرچاوەیەک نهێنییەکانی کۆبوونەوەکانی زەیدی و سەرکردەکانی هاوپەیمانییەکان ئاشکرا دەکات


سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاشکرای کرد کە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەگەڵ سەرکردە و هاوپەیمانییە سیاسییەکاندا چەند پرسێکی گرنگی تاوتوێ کردووە؛ لەوانە: تەواوکردنی کابینەی حکوومەت، یەکخستنی هەندێک وەزارەت و دامەزراوەی سەربەخۆ بە مەبەستی کەمکردنەوەی خەرجییەکان، و هەموارکردنەوەی یاسای دەستەی حەشدی شەعبی.

سەرچاوەکە ڕاگەیاند: “زەیدی لە دیدارێکیدا لەگەڵ نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، فایلی تەواوکردنی پێکهاتەی حکوومەتی تاوتوێ کردووە. هەروەها پێشنیارەکانی تیمەکەی بۆ کەمکردنەوە و گوشینەوەی خەرجییەکان پێشکەش کردووە، کە پێشنیاری یەکخستنی چەند وەزارەت و دامەزراوەیەکی سەربەخۆ لەخۆ دەگرێت، وەک: یەکخستنی دیوانەکانی ئەوقافی (شیعە، سوننە، و ئایینەکانی مەسیحی، ئێزیدی و سابئیی مەندائی) لەگەڵ دەستەی حەج و عومرە، لە چوارچێوەی وەزارەتێکدا بە ناوی ‘وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی’ یان هەر ناوێکی تری هاوشێوە.”

ئاماژەی بەوەش کردووە کە پرۆسەی یەکخستنەکە ڕەنگە چەند وەزارەتێکی دیکەش بگرێتەوە و بڕیارە ئەم فایلە لە کۆبوونەوەی داهاتووی هێزەکانی “چوارچێوەی هەماهەنگی”دا بخرێتە ڕوو.

لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکانیدا، زەیدی لەگەڵ کەسایەتییە سیاسی و پەرلەمانییەکان جەختی لە پێویستیی خێراکردنی ڕێککەوتنەکان بۆ دیاریکردنی کاندیدی پۆستە وەزیرییەکان کردووەتەوە. زەیدی ڕایگەیاندووە کە ئەگەر کاندیدی هاوپەیمانییەکان متمانەی پەرلەمان بەدەست نەهێنن، ئەوا خۆی ئەو کەسانە دەستنیشان دەکات کە بە گونجاویان دەبینێت، چونکە تەواوکردنی کابینەکە بووەتە پێویستییەکی بەپەلە و پابەندکەر.

سەبارەت بە لایەنی ئەمنی، سەرچاوەکە ئاشکرای کرد کە زەیدی باسی لە هەموارکردنەوەی پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبی و ناردنی بۆ پەرلەمان کردووە. هەروەها گۆڕانکارییە نوێیەکانی ناو “ئەنجومەنی چوارچێوە”ی تاوتوێ کردووە کە پەیوەستن بە ڕێکخستنی پرۆسەی هەڵگرتن و وەرگرتنی چەک و دیاریکردنی لایەنی بەرپرس.

جێی ئاماژەیە، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ١٤ی ئایاری ٢٠٢٦دا، متمانەی بە حکوومەتی عەلی فالح زەیدی و بەرنامە وەزارییەکەی دا، بەڵام تەنها ١٤ وەزیر لە کۆی ٢٣ وەزیر دەنگیان لەسەر درا. تا ئێستا ٩ پۆستی وەزیری (لەوانە: ناوخۆ، بەرگری، خوێندنی باڵا و پلاندانان) بەهۆی ناکۆکیی سیاسییەوە بە بەتاڵی ماونەتەوە.

دوێنێش هاوپەیمانیی “بەڕێوەبردنی دەوڵەت” لە کۆبوونەوەیەکدا جەختی لە دەسپێکردنی گفتوگۆکان لە هەفتەی داهاتوودا کردەوە بۆ یەکلاکردنەوەی پۆستە ماوەکان و پشتگیریکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکاندا.

 

سه‌رچاوه‌: شەفەق نیوز

هەواڵی پەیوەندیدار

هاوکاری هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە گەیشت و دابەش دەکرێت

یاسین

کۆماری ئیسلامیی ئێران هوشداری دەداتە وڵاتانی کەنداو

یاسین

زانکۆ تایبەتەکان لە ئەفغانستان لە وەرگرتنی خوێندکار لە بەشەکانی یاسا و زانستە سیاسییەکاندا بێبەش کران

سەڵاح