پاش ئەو دیدارەی ڕۆژی ڕابردوو لە مۆسکۆ لە نێوان ڤلادیمیر پوتین، سەرۆککۆماری ڕووسیا و ستیڤ ویتکۆف و جارید کۆشنەر، نوێنەرانی دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا بەڕێوە چوو، سەرچاوەیەکی ئاگاداری ئەمریکایی ڕایگەیاند گفتوگۆکانی ڕووسیا و ئەمریکا نابنە هۆی ڕاگرتنی دەستبەجێی جەنگی ئۆکراینا.
سەرچاوەکە لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی «العربیە» گوتی، هەڵسەنگاندنەکانی واشنتن دەریدەخەن ڕووسیا لە مانگەکانی داهاتوودا لە هێرشەکانی بۆ سەر ئۆکراینا بەردەوام دەبێت. هاوکات ئاشکرای کرد، ئامادەکارییەکان بۆ سازدانی چەندین دیدار لە نێوان دۆناڵد ترامپ و ڤلادیمیر پوتین لە مانگەکانی داهاتوودا بەڕێوە دەچن.
ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستە ڕوو، گفتوگۆکانی ویتکۆف و کۆشنەر لە مۆسکۆ هاوکار دەبن لە ئەنجامدانی ئاڵوگۆڕی زیاتری دیلەکاندا و لەو دانوستانانەشدا پرسی داهاتووی بەڕێوەبردنی وێستگەی ئەتۆمیی زاپۆریژیا تاوتوێ کراوە.
پێشتر کۆشکی سپی ڕایگەیاندبوو، نوێنەرانی ئەمریکا لە دیدارەکەیاندا لەگەڵ سەرۆککۆماری ڕووسیا «پلانە بنەڕەتییەکان»یان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ تاوتوێ کردووە، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەکانی واشنتن بووە بۆ بووژاندنەوەی دانوستانەکانی ئاشتی لە نێوان مۆسکۆ و کیێڤ.
بە گوێرەی ڕاپۆرتی ئاژانسی «تاس»، یوری ئوشاکۆف، یاریدەدەری سەرۆککۆماری ڕووسیا ڕایگەیاند، دیدارەکە ٣ کاتژمێر و ١٠ خولەکی خایاندووە و دیدارێکی بنەڕەتی، بنیاتنەر، ڕاشکاو و پڕ لە متمانە بووە. ئوشاکۆف گوتیشی، ویتکۆف و کۆشنەر بە فەرمانی سەرۆککۆماری ئەمریکا چوونەتە مۆسکۆ تاکو بەردەوامی بە گفتوگۆکانی تایبەت بە چارەسەری قەیرانی ئۆکراینا و پرسە بەپەلەکانی تر بدەن؛ ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمە هەشتەمین سەردانی نوێنەرانی ئەمریکا بووە بۆ ڕووسیا.
یاریدەدەری سەرۆککۆماری ڕووسیا گوتی، پوتین هیوای سەرکەوتنی بۆ ترامپ خواستووە و سوپاسی هەوڵەکانی ناوبراوی کردووە لە ڕێگای چارەسەرکردنی قەیرانی ئۆکراینا و هەروەها خواستی ڕاستەقینەی بۆ گەیشتن بە ئەنجامێکی پەسەندکراو بۆ هەردوو لا. ئەم دانوستانانەش لە چوارچێوەی پێوەندییە بەردەوامەکانی ڕووسیا و ئەمریکادا بەڕێوە چوون بە مەبەستی تاوتوێکردنی ڕێگاکانی چارەسەری ناکۆکییەکان و کۆتاییهێنان بە جەنگ.

