وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان، کۆچی دوایی فەرمانبەرێکی بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای هەولێری لە کاتی کارکردندا ڕاگەیاند.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمی وەزارەتی کارەبا، فەرمانبەرەکە ناوی (نیعمەت هادی قادر)ە و لەسەر میلاکی بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای هەولێر بووە. ڕووداوەکە لە کاتێکدا بووە کە ناوبراو سەرقاڵی جێبەجێکردنی ئەرکی فەرمیی خۆی و خزمەتکردنی هاووڵاتییان بووە، بەڵام بەهۆی بەرکەوتنی تەزووی کارەباوە، دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە.
وەزارەتی کارەبا وێڕای دەربڕینی هاوخەمی قووڵی خۆی بۆ کۆچی دوایی ئەو فەرمانبەرە، ڕایگەیاندووە کە ناوبراو لە پێناو خزمەتکردن بە نیشتمان گیانی سپاردووە. هاوکات ئاماژە بەوەش کراوە کە سەرجەم ڕێکارە یاسایی و کارگێڕییە پێویستەکان سەبارەت بە ڕووداوەکە دەستیان پێکردووە.

