شارهزایهكی بواری ههڵبژاردن ئاماژه بهوه دهكات كه پێشنیازی بەکارهێنانی کارتی نیشتیمانی وەک بەڵگەی ناسینەوەی دەنگدەر، لە جیاتی کارتی تایبەتی دەنگدان، لە روانگەی ئاسانکردنی پرۆسەی هەڵبژاردن و کەمکردنەوەی خەرجییەکانەوە پێشنیازێکی گرنگە. بەڵام ئەگەر ئەم پڕۆژەیە بەبێ دروستکردنی سیستەمێکی تەواو و سەربەخۆی هەڵبژاردن جێبەجێ بکرێت، دەتوانێت کۆمەڵێک کێشەی یاسایی، تەکنیکی و سیاسی دروست بکات.
كاوه گهردی، بۆ زاگرۆس گوتی: ” کارتی نیشتیمانی تەنیا ناسنامەی هاووڵاتییە، نەک ناسنامەی دەنگدەر. واتە کارتەکە بە خۆی ناتوانێت پیشانی بدات کە ئەم هاووڵاتییە لە کوێ دەنگ بدات، ناوی لە کام تۆماری دەنگدەرانە، یان ئایا پێشتر دەنگی داوە یان نا.بۆیە ئەگەر کارتی دەنگدان لاببرێت، دەبێت تۆماری دەنگدەرانی سەربەخۆ و ئەلیکترۆنیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەهێز بکرێت. ئەگەر ئەمە نەکرێت، پەیوەستکردنی زانیارییەکانی کارتی نیشتیمانی بە سیستەمی هەڵبژاردن دەتوانێت پرسیار لەسەر سەربەخۆیی و بەڕێوەبردنی تۆماری دەنگدەران دروست بکات.
كاوه گهردی ئهوهشی خستهروو: ئەگەر بڕیارێک بۆ گۆڕینی میکانیزمی ناسینەوەی دەنگدەر و لابردنی کارتی دەنگدان بدرێت، دەبێت بە روونی دیاری بکرێت کە ئەم بڕیارە لەلایەن کام دەزگا و لەسەر بنەمای کام یاسا دراوە.کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەبێت لە کار و بڕیارەکانی خۆیدا سەربەخۆ بێت و نابێت دەسەڵاتی جێبەجێکار بە شێوەیەک دەستێوەردان بکات کە سەربەخۆیی دامەزراوەی هەڵبژاردن لاواز بکات.بۆیە ئەگەر حکوومەت بە تەنیایی بڕیار لەسەر گۆڕینی بنەمای کارکردنی سیستەمی دەنگدان بدات، ئەوا پرسیارێکی گرنگی یاسایی و دەستووری دروست دەکات: ئایا دەسەڵاتی جێبەجێکار دەسەڵاتی یاسایی هەیە کە میکانیزمی کارکردنی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بگۆڕێت؟
ئهو شارهزایهیه بواری ههڵبژاردن دهشڵێت: خاڵێکی تری گرنگ ئەوەیە کە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی پشتگیری لەم پێشنیارە، بوونی ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیانە کە کارتی دەنگدانیان نییە؛ ژمارەکە بە نزیکەی 10 ملیۆن دەنگدەر باس دەکرێت.گوایه بههۆی ئهم گۆرانكاری سیستهمهوه ئهو 10 ملیۆن كهسه بهسانای دهتوانن دهنگ بدهن بهڵام ئهمهش چارهسهر نییه چونکە ئەوان دەبێت سەرەتا کارتی نیشتیمانییان هەبێت، زانیارییەکانیان تەواو و نوێ بکرێتەوە و لە تۆماری دەنگدەراندا بە شێوەیەکی دروست تۆمار کرابن چونكه وهڵامی چهند پرسیارێك ماون دهبێت بدرێنهوه.ئەگەر وەڵامی ئەم پرسیارانە نەدرێتەوە، ئەوا بانگەشەی ئەوەی کە «بەکارهێنانی کارتی نیشتیمانی 10 ملیۆن دەنگدەر دەهێنێتە ناو پرۆسەی هەڵبژاردن» دەتوانێت لە کردەوەدا ئەنجامێکی جیاواز هەبێت.
ئهو شارهزایه باس لهوهش دهكات هەروەها دەبێت سنووری بەکارهێنانی داتای کارتی نیشتیمانی بە روونی دیاری بکرێت. داتای ناسنامەی هاووڵاتی نابێت بە شێوەیەک بە داتای دەنگدانەوە پەیوەست بکرێت کە بتوانرێت نهێنیی دەنگی تاکەکەسەکان لەناوببات.هیچ دەزگایەک نابێت بتوانێت بزانێت هاووڵاتییەک بۆ کام کاندید یان کام لیست دەنگی داوە.جیالهوهش کارتی نیشتیمانی بە خۆی زانیارییەکانی هەڵبژاردن لەخۆ ناگرێت. بۆیە پێویستە سیستەمێکی دیجیتاڵی بەهێز هەبێت کە هەر دەنگدەرێک بتوانێت بە ئاسانی بزانێت لە کام ناوەند و کام ستەیشن دەنگ بدات.ئەگەر ئەم سیستەمە بە باشی کار نەکات، لە رۆژی هەڵبژاردندا دەتوانێت کۆمەڵێک ئاڵۆزی و ناڕەزایی دروست ببێت، بە تایبەتی بۆ ئەو دەنگدەرانەی کە زانیارییەکانیان نوێ نەکراوەتەوە یان شوێنی نیشتەجێبوونیان گۆڕاوە.

