مەزهەر محەمەد ساڵح، ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، وڵاتەکەی لە قۆناغی ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی گەرووی هورمزەوە پەڕیوەتەوە بۆ قۆناغی خۆگونجاندن و ململانێ لەگەڵ دۆخەکەدا. هاوکات ئاماژەی بەوەش کرد حکومەت هەوڵدەدات ئاستی هەناردەکردنی نەوت بگەڕێنێتەوە بۆ پێش هەڵگیرسانی جەنگەکە.
ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیران ڕوونیکردەوە، حکومەت لە ناوەڕاستی قەیرانێکی گەورەی دەرەکیدا ئەرکەکانی وەرگرتووە کە بەهۆی جەنگ و گرژییە جیۆپۆلیتیکییەکانی گەرووی هورمزەوە دروستبووە.
جەختیشی کردەوە، بژاردەی ڕاکێشانی هێڵی بۆڕی و دۆزینەوەی ڕێگەی بەدیل، بەشێکە لە ستراتیژی دەوڵەت بۆ دوورخستنەوەی سیاسەتی نەوت لە ململانێ ناوچەییەکان.
لە حاڵەتی بەردەوامبوونی قەیرانەکەدا، عێراق پلانی هەیە نەوتەکەی لە ڕێگەی هەرێم و وڵاتانی هاوسێوە هەناردە بکات. ئامانجی سەرەکی بەغدا هەناردەی ۳.٤ ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕۆژانەیە، کە پێشتر ٪٨٠ بۆ ٪٨٥ی لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە هەناردە دەکرا.
ئابووری عێراق بەهۆی وەستانی هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورمز تووشی زیانی گەورە بووە؛ لە ناوخۆدا قەیرانی کەمی بەنزین ڕووی لە چەندین پارێزگا کردووە و قەرەباڵغییەکی زۆر لەبەردەم وێستگەکانی سووتەمەنیدا دروستبووە.
پێش جەنگ، عێراق ڕۆژانە نێزیکەی ٤ ملیۆن بەرمیل نەوتی بەرهەمدەهێنا و مانگانە ١٠٥ ملیۆن بەرمیلی هەناردە دەکرد.
داخرانی گەرووی هورمز و پڕبوونی کۆگاکان ببووە هۆی وەستانی بەرهەمهێنان لە زۆربەی کێڵگەکاندا. لە ئێستادا بەغدا پشتی بە هەناردەکردنی سنوردار بەستووە لە ڕێگەی تەنکەرەوە بۆ سوریا، هەروەها ڕێگەی بۆڕی نەوتی تورکیا بەرەو بەندەری جەیهان.
تاران ڕێگەی بە بەشێک لە کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی عێراق داوە تێپەڕ ببن، بەوەش هەناردەی نەوتی عێراق لە مانگی ئابدا بۆ ٧٠ ملیۆن بەرمیل بەرزبووەوە، کە ئەمە بەرزترین ئاستە لە دوای دەستپێکردنی جەنگەکەوە.

