zagros news agency

بۆچی لەگەڵ هەڵکشانی تەمەندا بۆنی لەش دەگۆڕێت؟

 

«بۆنی پیری» دەستەواژەیەکی باوە بۆ پێناسەکردنی ئەو بۆنە تایبەتەی لەوانەیە لەگەڵ زیادبوونی تەمەندا لە لەشدا دروست ببێت. بە پێچەوانەی بۆچوونی گشتی، ئەم بۆنە پەیوەندیی بە پیسبوون یان ڕەچاونەکردنی پاکوخاوێنییەوە نییە. لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن گۆڕانی پێکهاتەی چەورییە سروشتییەکانی پێست یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی دروستبوونی.
هەستکردن بە بۆنێکی تایبەت لەسەر جلوبەرگ و جێگەی خەو لە تەمەنی ناوەنجییەوە ئەزموونێکی باوە. هۆکاری سەرەکیی ئەم گۆڕانە، پێکهاتەیەکی کیمیاییە بە ناوی «٢-نۆنێنال» (2-nonenal). پێست چینێکی تەنکی لە چەوری هەیە و ئەرکی نەرمڕاگرتن و پاراستنی لەئەستۆیە. لەگەڵ هەڵکشانی تەمەندا، پێکهاتەی ترشە چەورییەکانی ئەم چینە دەگۆڕێت و توانای پێست بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئۆکسان کەم دەبێتەوە. لە ئەنجامی تێکچوون و ئۆکسانی ئەم چەورییانە لە بەرکەوتن لەگەڵ هەوادا، ماددەی ٢-نۆنێنال ئازاد دەبێت.
دکتۆر ڕۆیا جاوید، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پێست، ئەم گۆڕانەی بە ئۆکسانی کانزاکان لە بەرکەوتن لەگەڵ هەوادا چواند و گوتی: «ئەم دۆخە تەنها گۆڕانی سروشتیی چەورییەکانی پێستە لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا؛ هەروەک چۆن باڵامان بەرز دەبێت یان قژمان سپی دەبێت، بۆنی لەشیش دەگۆڕێت.»
بە پێچەوانەی بۆچوونی باو، ئەم پڕۆسەیە لە تەمەنی پیرییەوە دەست پێ ناکات. ئەنجامی توێژینەوەیەک لە ژاپۆن دەریخستووە ماددەی ٢-نۆنێنال لە دەوروبەری ٤٠ ساڵییەوە لە پێستدا دەردەکەوێت. دکتۆر ئەرشەد ڕاتەر، پسپۆڕی تەندروستیی بەساڵاچووان لە لەندەن گوتی: «گۆڕانەکە لەناکاو ڕوو نادات؛ بەڵکوو وەک سووڕاندنی لەسەرخۆی دوگمەی دەنگ وایە و بە تێپەڕبوونی کات، هێدی هێدی بەرز دەبێتەوە.»
جیا لە تەمەن، هۆکارەکانی وەک بۆماوە، بەکتریای سەر پێست، باری تەندروستی، شێوازی ژیان و ژینگە لە بڕ و توندیی دروستبوونی ئەم بۆنەدا کاریگەرن.
تێڕوانینی نەرێنی بۆ ئەم بۆنە زیاتر لە چەمکە باوە کۆمەڵایەتییەکانەوە سەرچاوە دەگرێت نەک لە ڕاستییەکان. لە لێکۆڵینەوەیەکدا کاتێک لە بەشداربووان داوا کرا بەبێ زانینی تەمەنی کەسەکان بۆنی جلەکانیان هەڵسەنگێنن، بۆنی لەشی کەسانی ٧٥ تا ٩٥ ساڵ لە بەرانبەر گەنجاندا بە «کەمتر و کەمتر ناخۆش» وەسف کرا.
دکتۆر یۆهان لوندسترۆم، مامۆستای دەروونناسی لە پەیمانگەی کارۆلینسکا جەختی لەوە کردەوە بۆنی لەشی بەساڵاچووان تایبەتمەندییەکی تەواو جیاوازی هەیە، بەڵام مەرج نییە بێزارکەر بێت.
لەبەر ئەوەی ٢-نۆنێنال بەردەوام لە ژێر پێستدا بەرهەم دێت، شۆردنی ئاسایی یان بۆنبڕەکان ناتوانن بە تەواوی لەناوی بەرن. هەروەها دەربارەی پاککەرەوەی تایبەتی وەک سابوونی خورماڵو بەڵگەی زانستیی پێویست لەبەردەستدا نییە.
بەردەوام شۆردنی ڕاخەرەکان، هەواگۆڕکێی ماڵ، کەمکردنەوەی سترێسی ئۆکسێنەر لە ڕێگەی خواردنی خۆراکی دەوڵەمەند بە ڤیتامینەکانی C و E، دوورکەوتنەوە لە جگەرەکێشان و پاراستنی پێست لەبەر تیشکی خۆر، یارمەتیی کۆنترۆڵکردنی ئەم بۆنە دەدەن.
پزیشکان دووپاتی دەکەنەوە ئەم گۆڕانە بەشێکی سروشتیی گەشەی مرۆڤە و پێویستی بە خەرجیی زۆر یان هەستکردن بە شەرمەزاری نییە.

هەواڵی پەیوەندیدار

قەرەبووکردنەوەی خەو لە ڕۆژانی پشوودا یارمەتیی تەندروستیی دڵ دەدات

سەڵاح

تەندروستی جیهانی : ساڵانە زیاتر لە 7 ملیۆن کەس بەهۆی جگەرەوە دەمرن

سەڵاح

سێ خواردن ڕێگری لە بەرزبونەوەی پەستانی خوێن دەکەن

lana