دەستەی دەسپاکی فیدراڵی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، دەستگیرکردنی دوو فەرمانبەری لە بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی موسڵ سەر بە پارێزگای نەینەوا ڕاگەیاند، بە تۆمەتی دزینی 60 دەفتەر پسوولەی وەرگرتنی پارە (جباية)، بە مەبەستی کۆکردنەوەی نایاساییانەی پارە بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی.
دەستەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، تیمێکی بەڕێوەبەرایەتیی لێکۆڵینەوەی نەینەوا توانیویانە دوو فەرمانبەر لە شارەوانیی موسڵ دەستگیر بکەن، دوای ئەوەی دەرکەوتووە تۆمەتباری یەکەم 60 دەفتەر پسوولەی سپی لە هۆبەی داهاتی شارەوانی دزیوە و لە بەرامبەر بڕێک پارەدا ڕادەستی تۆمەتباری دووەمی کردووە تاوەکو بۆ دەستکەوتی شەخسی بەکاری بهێنن.
هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، لە کاتی دەستگیرکردنیاندا دەست بەسەر چەندین مۆر، پسوولە و بڕێک پارەی نەختینەدا گیراوە. دوای ڕێکخستنی پەڕاوی لێکۆڵینەوەش، تۆمەتباران ڕەوانەی بەردەم دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی نەینەوا (تایبەت بە دۆسیەکانی دەسپاکی) کراون و دادوەر بڕیاری دا بە دەستبەسەرکردنیان بەپێی ماددەی (444/ بڕگەی 11) لە یاسای سزادانی عێراقی.

