میدیاکانی ئەمریکا بڵاویانکردەوە کە ویلایەتی تێکساس بووەتە یەکەم ناوچە بۆ تاقیکردنەوەی فەرمیی تەکسییە فڕیوە کارەباییەکان.
لەو ویلایەتەدا بەرنامەیەکی فیدراڵی بۆ تاقیکردنەوەی هۆکارەکانی گواستنەوەی فڕیوی کارەبایی، هایبرید و خۆلێخوڕ دەستی پێکردووە. بەپێی ماڵپەڕی تەکنەلۆژیی “زە ڤێرج”، سێ کۆمپانیای پێشەنگی وەک “جۆبی”، “بێتا” و “ویسک” دەستیان بە یەکەمین گەشتە تاقیکارییە فەرمییەکانیان کردووە. ئەم تاقیکردنەوانە بۆ ماوەی هەفتەیەک لە نێوان شارەکان و فڕۆکەخانە ناوخۆیییەکان، بەتایبەت فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی “داڵاس/فۆرت وۆرس”، بەبێ سەرنشین بەڕێوە دەچن.
تێکساس یەکەم ویلایەتە لە نێو هەشت ویلایەتی دەستنیشانکراودا کە ئەو تاقیکردنەوانەی تێدا دەکرێت، دواتریش چەندین ویلایەتی دیکەی وەک نیویۆرک، یۆتا، فلۆریدا و پێنسلڤانیا دێنە نێو پڕۆگرامەکە.
ئامانجی سەرەکی لەم پڕۆژەیە کەمکردنەوەی قەرەباڵغیی شاڕێگاکانی شارە گەورەکانی ئەمریکایە، بەڵام چەندین بەربەستی تەکنیکی وەک توانای پاترییەکان، کۆسپەکانی بەردەم هەستەوەرەکان (سێنسەر) و ناکۆکییە یاسایییەکانی نێوان کۆمپانیاکان، هێشتا ڕێگرن لەوەی ئەم تاقیکردنەوە ئەنجام بدرێت .
هەواڵی پێشوو

