وەزارەتی دارایی پلانی هەیە لە 15ـی تشرینی یەکەمی داهاتوو، پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی ساڵی 2027 رەوانەی پەرلەمانی عێراق بکات.
جەمال کۆچەر، ئەندامی لێژنەی دارایی پەرلەمان، بە شەفەق نیوزی راگەیاند، فالح ساری، وەزیری دارایی لێژنەکەی ئاگادارکردووەتەوە پڕۆژەیاسای بودجە بەپێی ئەو وادانەی لە یاسای بەڕێوەبردنی داراییدا دیاریکراون، لە 15ـی تشرینی یەکەمی داهاتوو دەگاتە پەرلەمان.
سەبارەت بە نرخی بەرمیلێک نەوت لە بودجەکەدا، کۆچەر روونیکردەوە تا ئێستا بڕیاری کۆتایی لەسەر دیارینەکراوە. پێشنیارەکان لە نێوان 50 بۆ 65 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک دەجووڵێن و جیاوازیی بۆچوون لە نێوان کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق “سۆمۆ” و حکوومەتدا لەسەر نرخی پەسەندکراو هەیە.
سەرچاوەیەکی بەرپرس بە شەفەق نیوزی راگەیاند، وەزارەتی دارایی خەریکی تاوتوێکردنی پێشنیارەکەی سۆمۆیە کە داوایکردووە نرخی بەرمیلێک نەوتی خاو لە بودجەکەدا بە 55 دۆلار دیاریکرێت، بەڵام وەزارەت و حکوومەت بۆچوونێکی دیکەیان هەیە.
سەرچاوەکە ئاشکرایکرد، ئەگەری زۆرە حکوومەت پەنا بۆ چارەسەرێکی مامناوەند ببات و نرخی بەرمیلێک نەوت لە نێوان 60 بۆ 65 دۆلار دیاریبکات.
سەبارەت بە دامەزراندنی گرێبەستەکان و دەرچووانی کۆن، جەمال کۆچەر گوتی: “سەرۆکوەزیران و وەزیری دارایی بەڵێنیان داوە گرێبەستەکان بخەنە سەر میلاک و دەرچووان دابمەزرێنن، بەڵام رەوشی ئابووریی وڵات بڕیاردەری کۆتایی دەبێت لەو بابەتە”.
عەزیز ناسر، ئەندامی پەرلەمان لە پۆستێکدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویکردەوە، هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمان لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ژمارەیەک پەرلەمانتار جەختیکردەوە، لە بودجەی ساڵی 2027ـدا سەرجەم گرێبەستەکانی وەزارەت و دامەزراوەکان دەخرێنە سەر میلاک.

