وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان، لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانیدا بۆ پشتیوانیکردنی هونەرمەندان و بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمە هونەرییەکان لە هەموو بوارەکاندا، پێشوازی لە دەرهێنەری کورد، هەڵکەوت مستەفاکرد.
رۆژی دووشەممە، لەسەر بانگێشتی فەرمیی ئاریان سەلاحەدین، بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان، پيشوازی لە دەرهێنەر هەڵکەوت مستەفا بەڕێوەچوو و رێزی لێنرا.
کۆبوونەوەکە تیشکی خستە سەر نوێترین بەرهەمی سینەمایی دەرهێنەر بە ناونیشانی “بەهەشت نابینی ئەگەر ژن بتکوژێت” (No Paradise If You Are Killed by a Woman).
فیلمەکە بەرهەمێکی درامایی و جەنگییە و بەرهەمی هاوبەشی نێوان وڵاتانی نەرویج، عێراق، ئیمارات و سوێدە، دیمەنەکانی لە ناوچە جیاوازەکانی شاری مووسڵ وێنەگیراون.
چیرۆکی فیلمەکە لەسەر بنەمای بەسەرهاتی ڕاستەقینەی خانمە پێشمەرگەکان دروستکراوە لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ داعشدا.
ناونیشانی فیلمەکە لەو باوەڕە ئایدۆلۆژییەی چەکدارانی توندڕەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە لەو بڕوایەدون کوژرانیان لەسەر بە دەستی ئافرەتێک، لە چوونە بەهەشت بێبەشیان دەکات.
پاڵەوانی فیلمەکە: ئەکتەری کورد ئاڤان جەمال ڕۆڵی کارەکتەری سەرەکی (ڤیان) دەگێڕێت.
ڤیان، نیشانەشکێنێکی کوردە، دوای ئەوەی پێی وایە خوشکە بچووکەکەی لە کاتی داگیرکردنی مووسڵ لە ٢٠١٤ کوژراوە، زانیارییەکی بەدەست دەگات کە ئەگەری هەیە خوشکەکەی مابێت و زیندانی کرابێت. بەمەش ڕووداوەکان ئاڕاستەیەکی پڕ لە مەترسی و دراما وەردەگرن کاتێک دەگەڕێتەوە ناو شاری مووسڵ بۆ ڕزگارکردنی خوشکەکەی و ڕووبەڕووبوونەوەی یادەوەرییە سەختەکانی شەڕ.
یەکەم پێشاندانی نێودەوڵەتیی فیلمەکە لە فێستیڤاڵی فیلمی ڤێنیس بوو.
فیلمەکە وەک نوێنەری فەرمیی وڵاتی عێراق هەڵبژێردراوە بۆ کێبڕکێکردن لە بەشی “باشترین فیلمی نێودەوڵەتی” لە ٩٩یەمین خەڵاتەکانی ئۆسکاردا.

