zagros news agency

تاقیکردنەوەیەکی ١٠ چرکەییی دەست لە دەستنیشانکردنی تێکچوونی ژیریدا یارمەتیدەر دەبێت

 

تاقیکردنەوەی سادەی “مست، لێواری دەست، لەپی دەست” بە تاقیکردنەوەی لۆریا دەناسرێت. ئەم تاقیکردنەوەیە لە ڕێگەی پێوانی توانای کەسەکە لە لاساییکردنەوە و ئەنجامدانی ڕێکوپێکی ئەم سێ جووڵە لەسەریەکەدا، نیشانەکانی تێکچوون لە کارکردی جووڵەیی، چالاکییە جێبەجێکارییەکان و توانای پێڕاگەیشتن بە ڕیزبەندییەکان لەنێو مێشکدا دەردەخات. لەبەر ئەوەی ئەنجامدانی ئەم تاقیکردنەوەیە بۆ تووشبووانی ئەلزهایمەر و لەبیرچوونەوەی پێشەوەی مێشک سەختترە، پزیشکان وەک یەکێک لە ڕێگاکانی هەڵسەنگاندنی ئەگەری تووشبوون بە ژیرهەڵوەشان بەکاری دەهێنن. پسپۆڕان جەخت دەکەنەوە دەرئەنجامەکەی بەتەنیا بۆ دەستنیشانکردنی تێکچوونی ژیری بەس نییە و تەنها ئامرازێکی خێرایە بۆ پشکنینی سەرەتایی.
بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی “ئەپوێرزی”، ئەلێکساندەر لوریای دەروونناسی دەماریی سۆڤیەتی ئەم تاقیکردنەوەیەی لە چوارچێوەی کۆمەڵە هەڵسەنگاندنێکدا داڕشت و بۆ سەربازانی گەڕاوە لە جەنگی دووەمی جیهان بەکاری هێنا. بەم دوایییەش دکتۆر عەدنان حوسێنی پسپۆڕی مێشک و دەمار لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا شیکردنەوەی بۆ ئەم تاقیکردنەوەیە کردووە.
لە تاقیکردنەوەکەدا، لە کەسەکە داوا دەکرێت سێ جووڵەی دەست لەسەر ڕوویەکی تەخت وەک مێز لاسایی بکاتەوە، تاوەکو پزیشک چالاکیی بەشە جیاوازەکانی نێو مێشک بپێوێت:
١. مست: دانانی دەستی داخراو لەسەر مێز.
٢. لێواری دەست: وەرگێڕانی دەست بۆ لا و دانانی لێواری دەرەوەی لەسەر مێز.
٣. لەپی دەست: دانانی دەستی کراوە لە ڕووی لەپەوە لەسەر مێز.

پاش نیشاندانی شێوازەکان، دەبێت کەسەکە ئەم سێ جووڵەیە بە هەمان ڕیزبەندی چەند جارێک لەسەریەک دووبارە بکاتەوە.
پزیشک چاودێریی ئەوە دەکات ئاخۆ کەسەکە دەتوانێت جووڵەکان بە ڕیزبەندی، بەردەوامی و پاراوی ئەنجام بدات یان نا. دووبارەکردنەوەی بەردەوامی یەک جووڵە، تێکدانی ڕیزبەندی یان بێتوانایی لە جێبەجێکردنی پاراودا نیشانەی تێکچوونی کارکردی جووڵەیی و بەرنامەداڕشتنی نێو مێشکە.
بە گوتەی دکتۆر حوسێن، تەنیا نزیکەی ٢ لەسەدی کەسانی ئاسایی لە ئەنجامدانیدا تووشی کێشە دەبن؛ لە بەرانبەردا ٥٠ لەسەدی تووشبووانی ئەلزهایمەر و ٧٠ لەسەدی تووشبووانی تێکچوونی ژیری لە جۆری ناوچەچاوگەیی کێشەیان بۆ دروست دەبێت. ناوبراو جەختیشی کردەوە ئەم پشکنینە بەتەنیا بەس نییە، چونکە بارودۆخی دیکەی وەک ئۆتیسم یان کەمیی سەرنج و فرەجووڵەیی دەتوانن ئەنجامدانی بەشێک لە تاقیکردنەوە هۆشیارییەکان سەختتر بکەن.
ئامارە پزیشکییەکان دەریدەخەن لەگەڵ زیادبوونی تەمەندا ڕێژەی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی تێکچوونی ژیری بەرز دەبێتەوە؛ ئەم نەخۆشییە لەنێو ٥ لەسەدی کەسانی تەمەن ٦٥ بۆ ٧٤ ساڵ، ١٣ لەسەدی تەمەن ٧٥ بۆ ٨٤ ساڵ و یەک لەسەر سێی کەسانی تەمەن ٨٥ ساڵ و بەرەوژووردا سەر هەڵدەدات.

هەواڵی پەیوەندیدار

سوودەکانی کانزای پۆتاسیۆم بۆ تەندروستی جەستە

lana

مەترسییەکانی پشتگوێخستنی تێکچوونی دەمارەکان بەهۆی مەی خواردنەوە

یاسین

ئەڵمانیا؛ نزیکەی ٣١٠٠ هەڵەی چارەسەریی پزیشکی لە ساڵی ٢٠٢٥دا سەلمێندران

یاسین