توێژینەوەیەکی نوێ کە بە گەورەترین توێژینەوەی لەم جۆرە دادەنرێت، دەریخستووە سترێسی درێژخایەنی پەیوەست بە گوشارەکانی ژیانی رۆژانە، لەوانەیە ببێتە هۆی گۆڕانکاریی پێکهاتەیی لە دڵدا و مەترسیی تووشبوون بە جەڵتەی دڵ و مێشک زیاد بکات.
ئەم توێژینەوەیە لەلایەن توێژەرانی تاقیگەی زانستە پزیشکییەکانی MRC و کۆلێژی ئیمپریال لە لەندەن سەرپەرشتی کراوە و نزیکەی 480,000 کەسی پێگەیشتووی لە بەریتانیا لەخۆگرتووە، بە ئامانجی لێکۆڵینەوە لە پەیوەندی نێوان هەوکردنی درێژخایەن، هۆکارە کۆمەڵایەتییەکان، شێوازی ژیان و تەندروستیی دڵ.
توێژەران بۆیان دەرکەوتووە هەوکردنی درێژخایەن کە پەیوەندی بە دۆخی کۆمەڵایەتی، ئابووری و شێوازی ژیانەوە هەیە، هۆکارێکی سەرەکییە بۆ ئەو گۆڕانکارییانەی بەسەر دڵدا دێن. بۆ ئەم مەبەستە، توێژەران بەکارهێنانی پێوەرێکی خوێنی ناسراو بە “ئەسێتیلاتی پرۆتینی شەکرە” (GlycA) لەگەڵ وێنەگرتنی دڵ و داتا بۆماوەییەکان بەکاریانهێناوە.
بەپێی ئەو توێژینەوەیەی لە گۆڤارێکی زانستیدا بڵاوکراوەتەوە، ئەو کەسانەی لە ئاستی 20%ـی بەرزترین تووشبوون بە هەوکردن بوون، بە بەراورد لەگەڵ ئەوانەی لە ئاستی 20%ـی نزمترین ئاستدا بوون، 43% زیاتر ئەگەری تووشبوونیان بە جەڵتەی دڵ یان مێشک هەبووە.
پشکنینەکان دەریدەخەن گۆڕانکاریی پێکهاتەیی روون لە دڵی ئەو کەسانەدا هەیە کە ئاستی هەوکردنیان بەرزە، لەوانە ئەستووربوونی دیواری دڵ، بچووکبوونەوەی قەبارەی ژوورەکانی دڵ و لاوازبوونی پرۆسەی پڕبوونی دڵ. ئەم گۆڕانکارییانە لەوانەیە بە بێدەنگی بۆ چەندین ساڵ پێشبکەون بەرلەوەی ببنە هۆی سستیی دڵ.
ئاستی بەرزی هەوکردن بە توند لەگەڵ هەژاری، گوشاری دەروونی، جگەرەکێشان و قەڵەویدا بەستراوەتەوە.
دیکلان ئۆریگان، پرۆفیسۆر لە کۆلێژی ئیمپریال لە لەندەن گوتی: “ملیۆنان کەس لەوانەیە بە هەوکردنێکی شاراوە بژین کە بە هێواشی دڵیان دەگۆڕێت و زیانی درێژخایەن دروست دەکات.” ئۆریگان روونیکردەوە هەوکردنی درێژخایەن ئاڵۆزە، بەڵام پەیوەندی بە ژینگەی دەوروبەر، دۆخی ئابووری، تەندروستیی خێزان و شێوازی ژیانەوە هەیە.
ئۆریگان خستیەڕوو چەند هۆکارێک هەن دەتوانرێت بۆ کەمکردنەوەی هەوکردن مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت، وەک کەمکردنەوەی جگەرەکێشان و قەڵەوی. ئەو گوتی: “ئەوەی مایەی سەرسوڕمان بوو، رادەی پەیوەندیی هۆکارە کۆمەڵایەتییەکان و تەندروستیی دەروونییە بە هەوکردن و زیانگەیاندن بە دڵ، هەروەها بوونی هۆکارێکی بەهێزی بۆماوەیی، بە جۆرێک هەندێک کەس بە سروشتی خۆیان زیاتر بەرگەگر یان زیاتر مەترسیدارن.”
توێژینەوەکە پرۆتینی هەوکردنی سەرەکیی لە خێزانەکانی “ئینتەرلۆکین-1” و “عامیلی تێکشکانی وەرەم” دیاری کردووە وەک هۆکاری ئەگەریی ئەم زیانانە. توێژەران روونیکردەوە ژمارەیەک لەم پرۆتینانە لە ئێستادا لەلایەن ئەو دەرمانانەوە ئامانج دەگیرێن کە لە تاقیکردنەوەی کلینیکیدان، ئەمەش دەرگایەک دەکاتەوە بۆ لێکۆڵینەوە لە ئەگەری بەکارهێنانی چارەسەرە دژە هەوکردنەکان بۆ رێگریکردن لە نەخۆشییەکانی دڵ بەرلەوەی نیشانەکانیان دەربکەون.
ئەنجامەکان دەریدەخەن تێکەڵکردنی پشکنینەکانی خوێن کە هەوکردن دەپێون لەگەڵ پلەی مەترسیی بۆماوەیی، رەنگە یارمەتیدەر بێت لە دیاریکردنی ئەو کەسانەی زیاتر سوود لە دەستتێوەردانی پێشوەختە دەبینن.
توێژەران جەختیان لەوە کردەوە ئەو کەسانەی ئامادەییی بۆماوەییان هەیە یان لە دۆخی نالەباردا دەژین، ناچار نین تووشی نەخۆشییەکانی دڵ بن، دووپاتیشیان کردەوە دەکرێت چەندین هەنگاو بنرێت بۆ کەمکردنەوەی هەوکردنی درێژخایەن.
بڕایان ویلیامز، پرۆفیسۆر لە دامەزراوەی دڵی بەریتانی گوتی: “هەوکردن بەشێکە لە پرۆسەی چاکبوونەوەی جەستە، بەڵام لایەنێکی تاریکی هەیە.” ئەو زیادیکرد توێژینەوەکە جەخت لە گرنگیی چارەسەرکردنی هۆکارەکانی هەوکردن و لاوازیی تەندروستیی دڵ دەکاتەوە، هاوکات لەگەڵ پاڵپشتیکردنی خەڵک بۆ گۆڕانکاری لە شێوازی ژیاندا کە یارمەتیی پاراستنی دڵ دەدات.

