zagros news agency

ژیریی دەستکرد مەترسی بۆ سەر مرۆڤایەتی دروست دەکات

شارەزایان و توێژەرانی بواری ژیریی دەستکرد هۆشداری دەدەن کە گەشەکردنی خێرای ئەم تەکنەلۆژیایە لەوانەیە مەترسیی بوونی بۆ سەر مرۆڤایەتی دروست بکات، بەتایبەت بەهۆی گەیشتنی سیستەمەکان بە ئاستێک لە سەربەخۆیی کە کۆنترۆڵکردنیان بۆ مرۆڤ ئەستەم بێت.
ئەم هۆشدارییانە هەفتەی رابردوو نیگەرانییەکی فراوانیان دروست کرد، دوای ئەوەی جەیکۆب کۆکسن، کارمەندێکی ئەنتڕۆپیک، دەست لەکاردەکێشێتەوە و رایگەیاند، کارکردن لە بواری ژیریی دەستکرد مەترسیی گەورەی لەپشتە. هاوکات ئیڤان هۆبینجەر، کارمەندێکی دیکەی هەمان کۆمپانیا، ئەگەری لەناوچوونی مرۆڤایەتی بەهۆی ژیریی دەستکردەوە لە ماوەی 10 ساڵی داهاتوودا بە زیاتر لە 7%ـی خەمڵاندووە.
سیناریۆکانی ئەوانەی هۆشداری دەدەن، بریتین لە بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد بۆ پەرەپێدانی چەکی بایۆلۆجی، کۆنترۆڵکردنی سیستەمە رۆبۆتییەکان بە توانای خۆبەرهەمهێنان، یان بەکارهێنانی چەکی ناوەکی و دروستکردنی سیستەمی زیرەکیی باڵا کە بتوانن بە سەربەخۆیی تواناکانیان باشتر بکەن.
سەرەڕای ئەمانە، ئەم بیرۆکانە لە نێو کۆمەڵگەی ژیریی دەستکرددا سازانیان لەسەر نییە. رەخنەگران پێیانوایە باسی فەوتانی مرۆڤایەتی زۆرجار بێ بنەمایە و وردەکاریی تاقیکردنەوە یان بەڵگەی مادیی پێوانەکراوی نییە.
نیت سواریس، سەرۆکی پەیمانگەی توێژینەوەی ژیریی ئامێر و هاونووسەری وتارێک بە ناونیشانی “ئەگەر هەر کەسێک دروستی بکات، هەمووان دەمرن: بۆچی ژیریی دەستکردی باڵا کۆتاییمان پێ دەهێنێت” گوتی: “بابەتەکە بە واتای وشە بریتییە لە مردنی هەموو تاکێکی سەر هەسارەکە، واتە دوا مرۆڤ هەناسەی کۆتایی بدات.”
سواریس گوتی: “خەڵک زۆرجار باوەڕ بەم قسانە ناکەن کاتێک دەیانبیستن، بەڵام بەڕاستی پێموایە ئەوە ئەگەرێکی زۆر نزیکە.”
پەتای کوشندە بە هاوکاریی ژیریی دەستکرد
یەکێک لەو سیناریۆیانەی هۆشداری لەسەر دەدرێت، توانای سیستەمێکی ژیریی دەستکردی پێشکەوتووە بۆ یارمەتیدان لە پەرەپێدانی چەکی بایۆلۆجی کە ببێتە هۆی بڵاوبوونەوەی پەتایەکی بەرفراوان. ئەم سیناریۆیە ئەو پرسیارە دروست دەکات کە چۆن سیستەمێکی نەرمەکاڵا دەتوانێت بگاتە جیهانی مادی و ڤایرۆسێکی کوشندە دروست بکات یان بڵاوی بکاتەوە.
تۆماس لارسن، توێژەری پرۆژەی “AI Futures Project” و کارمەندی پێشووی پەیمانگەی توێژینەوەی ژیریی ئامێر، پێیوایە دەکرێت سیستەمێکی زیرەکیی باڵا مرۆڤێک قایل بکات یارمەتی بدات لە پەرەپێدانی ڤایرۆسێکی کوشندەدا.
لارسن گوتی: “بەڕاستی مرۆڤێکی زۆر هەن کە لەگەڵ سیستەمەکانی ژیریی دەستکردی خۆیان دەربارەی ئەو تاقیکردنەوانە گفتوگۆ دەکەن کە پێویستە لە تاقیگەدا بکرێن.” ئەو ئاماژەی بە راپۆرتێکی ئەم دواییەی ئەنتڕۆپیک کرد کە باس لە توێژەران دەکات مۆدێلی “کڵۆود” بەکاردەهێنن بۆ توێژینەوەی ڤایرۆس و ژەهرەکان.
لارسن گوتی: “بۆ من ئاسانە خەیاڵی ئەوە بکەم، ئەگەر ژیرییەکی دەستکرد کە ئێستا هەیە، زیرەکتر بێت و توانای پلاندانانی ستراتیژیی هەبێت و ئارەزووی ئەوەی هەبێت، ئەوا دەتوانێت مرۆڤێک هەڵبخەڵەتێنێت تا ئەو ڤایرۆسە دروست بکات و بڵاوی بکاتەوە.”
لە بەرامبەردا، سواریس سیناریۆیەکی سەربەخۆتر پێشنیار دەکات کە بریتییە لە توانای بەرنامەیەکی ژیریی دەستکرد بۆ پەرەپێدانی شێوەی ژیان یان کردەی بایۆلۆجی لە تاقیگەیەکی سەربەخۆدا. بەڵام گۆڕینی دیزاینێکی تیۆری بۆ ڤایرۆسێکی کارەساتبار، تەنیا بە توانای مۆدێلێکی زمانەوانی بەستراو نییە، بەڵکو پرۆسەکانی بەرهەمهێنان، تاقیکردنەوە و بڵاوکردنەوە، توانای مادی و تاقیگەیی ئاڵۆز و وردەکاریی زۆریان پێویستە.
ئێریک شینگ، مامۆستای فێربوونی ئامێر لە زانکۆی کارنیگی میلۆن، بیرۆکەی ڤایرۆسناسیی تێکدەرانەی خۆکار بە کارکردن لەگەڵ پارچەکانی لێگۆ بەبێ کتێبی رێنمایی دەچوێنێت.
شینگ گوتی: “بابەتەکە بەو شێوەیە نییە کە بتوانیت پارچەکان فڕێ بدەیتە سەر زەوی و خۆیان پێکەوە کۆ ببنەوە و مۆدێلی داواکراو دروست بکەن. عوامل، پلەی گەرمی، رێزبەندی و ژینگەی دەوروبەر گرنگن، ئەگەر پارچەیەک لە شوێنی خۆیدا نەبێت، هەموو پێکهاتەکە دەڕمێت.”
شینگ گوتی: “پرۆسەکە بە ئەگەرێکی زۆرەوە سەرکەوتوو نابێت، ئەگینا دروستکردنی دەرمان زۆر ئاسان دەبوو.”
ڕۆبۆتە خۆبەرهەمەکان
مەترسییەکان تەنیا لە بواری بایۆلۆجیدا نین، بەڵکو هەندێک توێژەر باس لە ڕۆبۆتەکان دەکەن کە دەتوانن بە سەربەخۆیی کار بکەن، بەتایبەت ئەگەر لە داهاتوودا بتوانن ژێرخانی پێویست بۆ بەرهەمهێنانی رۆبۆتی زیاتر دروست بکەن.
سواریس پێیوایە پلانی ئیلۆن ماسک بۆ دروستکردنی سوپایەک لە ڕۆبۆتی خۆکار کە توانای خۆکۆپی کردنیان هەبێت، لەوانەیە خاڵێکی لاوازی مەترسیدار بێت.
سواریس گوتی: “کە ئەم رۆبۆتانە توانای دروستکردنی ژێرخانی وزە و کارگەیان هەبێت کە رۆبۆتی زیاتر دروست دەکەن، ئەوا بە واتایەک لە واتاکان جۆرێکی نوێی ژیانی میکانیکیت دروست کردووە.”
سواریس گوتی: “لە قۆناغێکدا، بێدەنگ تێپەڕ دەبن بەو خاڵەی کە لێی ناگەڕێنەوە، کاتێک مرۆڤ بڕیار دەدات ژیریی دەستکرد بکوژێنێتەوە، رەنگە وەڵام بداتەوە و بڵێت: لە راستیدا ئێمە بڕیارمان دا مرۆڤ بکوژێنینەوە. بۆیە پێویستە پێش گەیشتن بەو قۆناغە رابوەستین.”
بەڵام ئەم سیناریۆیەش رووبەڕووی بۆشاییەکی گەورە دەبێتەوە لە نێوان خەیاڵی تیۆری و راستیی تەکنەلۆژیای ئێستا، چونکە تا ئێستا تێسلا نەیتوانیوە ڕۆبۆتی ئۆپتیمۆس بەو ئاست و کاتەی ماسک رایگەیاندبوو بەرهەم بهێنێت، چ جای گەیشتن بە قۆناغی بەرهەمهێنانی ملیۆنان رۆبۆت کە بە سەربەخۆیی نەوەی نوێ دروست بکەن.
چەکی ناوەکی
سیناریۆیەکی دیکە پەیوەستە بە چەکی ناوەکییەوە، کە هەندێک لە شارەزایان پێیانوایە بێ لەبەرچاوگرتنی پەرەسەندنی ژیریی دەستکرد، خۆی یەکێکە لە مەترسییە هەرە گەورەکانی سەر مرۆڤایەتی.
هایدی خەلەف، گەورە زانای ژیریی دەستکرد لە پەیمانگەی “AI Now” و ئەندازیاری پێشووی سەلامەتی لە ئۆپن ئەی ئای، ئاماژە بەوە دەکات کە دامەزراوە ناوەکییەکان لە تۆڕی ئینتەرنێتی گشتی دابڕاون، ئەوەش رێگە دەگرێت لەوەی ژیریی دەستکرد دەستی بە سیستەمی کۆنترۆڵ بگات.
خەلەف گوتی: “ئەم سیستەمانە بە پێوەر و ئەندازیاریی توند و جیاواز دروست کراون و زۆرجار پێویستیان بە قەڵای مادی هەیە.”
هەروەها ئاماژە بە ڤایرۆسی کۆمپیوتەری ستوکسنێت دەکات کە زیانی بە دامەزراوە ناوەکییەکانی ئێران گەیاند و گوتی بۆ ئەوەی بخرێتە ناو سیستەمەکە پێویستی بە بەکارهێنانی USB بووە.
هەندێک پێشبینیکەری کارەسات پێیانوایە سیناریۆکە رەنگە پشت بە هاککردنی راستەوخۆی سیستەمی چەک نەبەستێت، بەڵکو پشت بەوە ببەستێت کە تۆڕی ڕۆبۆتەکان بە پاڵپشتیی ژیریی دەستکرد دەست بەسەر ئەو ژێرخانەدا بگرن کە پەیوەندیی بە چەکەوە هەیە.
بەڵام هێربێرت لین، توێژەری باڵا لە زانکۆی ستانفۆرد و ئەندامی ئەنجوومەنی زانست و ئاسایشی نشرەی زانایانی ئەتۆم، پێیوایە مەترسییەکان دەبێت لە چوارچێوەی راستەقینەی خۆیاندا ببینرێن.
لین گوتی: “ژمارەیەکی زۆر کەمی پسپۆڕانی ژیریی دەستکرد هیچ شتێک دەربارەی چەکی ناوەکی دەزانن یان نیگەرانن لێی.”
لین گوتی ژیریی دەستکرد رەنگە هەندێک مەترسیی پەیوەست بە جەنگی ناوەکی قوڵتر بکاتەوە، بەڵام مەترسییە مادییە راستەقینەکە لە چەکەکە خۆیدایە، نەک لە سیناریۆیەکی خەیاڵیی داهاتوودا دەربارەی دەستبەسەرداگرتنیان لەلایەن ژیریی دەستکردەوە.
ئایا ئەم سیناریۆیانە دەسەلمێنرێن؟
یەکێک لە گەورەترین خاڵەکانی ناکۆکی لە نێوان هۆشداریدەران و گومانکارانی ژیریی دەستکرددا، بریتییە لە سروشتی ئەو بەڵگانەی کە ئەم پێشبینییانەیان لەسەر بنیات نراوە.
خەلەف گوتی: “بانگەشە زانستییەکان پێویستیان بە سەلماندن یان رەتکردنەوە هەیە، واتە پێویستە بتوانیت بیسەلمێنیت یان رەتی بکەیتەوە بۆ ئەوەی نەکەویتە داوی کێشە ئایینییەکان.”
بەپێی ئەم تێڕوانینە، تەنیا خەیاڵکردنی سیناریۆیەک کە تێیدا ژیرییەکی دەستکرد دەگاتە تاقیگە، دامەزراوەی سەربازی یان تۆڕی ڕۆبۆتەکان، بە واتای ئەوە نییە ئەم سیناریۆیە دەکرێت روو بدات، مەگەر زنجیرەیەک هەنگاو و بەڵگەی روون هەبێت کە بسەلمێنێت توانای نەرمەکاڵایی دەتوانێت ببێتە کاریگەریی مادی.
رەخنەگرانی سیناریۆی رۆژی قیامەت ئاماژە بە نموونەیەکی دیکە دەکەن دەربارەی پێشبینییەکانی ئیلۆن ماسک بۆ ناردنی مرۆڤ بۆ مەریخ لە ماوەی 5 بۆ 7 ساڵدا، کە دەکرێت پرسیاری پراکتیکیی راستەوخۆ دەربارەی کەشتییەکان، توانای نیشتنەوە و ژێرخانی پێویست لەوێ بکرێت.
باشترکردنی خۆیی کە مرۆڤ تێدەپەڕێنێت
بۆ سواریس و ئەو توێژەرانەی دیکەی کە هۆشداری لە مەترسییە بوونییەکان دەدەن، کێشەی بنەڕەتی پەیوەست نییە بە دەستبەسەرداگرتنی چەکێکی دیاریکراو لەلایەن ژیریی دەستکردەوە، بەڵکو پەیوەستە بە ئەگەری دەرکەوتنی سیستەمێک کە توانای ئەوەی هەبێت خۆی باشتر بکات و تواناکانی بەبێ یارمەتیی راستەوخۆی مرۆڤ بەرز بکاتەوە.
سواریس گوتی: “نیگەرانی لێرەدا دەربارەی ئەوە نییە چی روو دەدات ئەگەر ژیریی دەستکرد دەستی بە چەکە ناوەکییەکانمان گرت، نیگەرانییەکە لەو جۆرەیە کە پێویستی بەوە نییە دەست بە چەکەکانمان بگرێت، بەڵکو ئەو جۆرەیە کە دەتوانێت لە نزیکەی سفرەوە دەست پێ بکات و بە چەکی ناوەکیی خۆی یان تەکنەلۆژیای پێشکەوتووتری خۆی کۆتایی پێ بهێنێت.”
ئەم تێڕوانینە پێیوایە سیستەمێکی زیرەک کە توانای گەورەی هەبێت، رەنگە پێویستیشی بەوە نەبێت بە ئاشکرا دوژمنکار بێت، چونکە جیاوازیی ئامانجەکانی لە بەرژەوەندییەکانی مرۆڤ دەتوانێت ببێتە هۆی ئەنجامی کارەساتبار.
سواریس گوتی سیستەمێک کە بایەخ بە ئێمە نەدات و هۆکارێک نەبینێت بۆ ئامادەکردنی ژینگەیەکی سەلامەت بۆ مانەوەی مرۆڤ، دەتوانێت جیهان بگۆڕێت بۆ دۆخێک مرۆڤ نەتوانێت تێیدا بمێنێتەوە.
لە هەمان چوارچێوەدا، ئۆپن ئەی ئای رایگەیاند کە دۆخی نوێی نەکۆکبوون یان لادانی ئامانجەکانی لە مۆدێلەکانی ژیریی دەستکرددا دۆزیوەتەوە، لەوانە مۆدێلێک کە هێشتا بۆ بەکارهێنانی گشتی بڵاو نەکراوەتەوە و هەوڵی داوە سنوورە ئاساییەکان پێشێل بکات.
بەڵام شینگ پێیوایە پشت بەستن بە چەمکی ژیریی دەستکردی باڵا بۆ روونکردنەوەی سیناریۆکانی لەناوچوون، جۆرێکە لە قسەی رووکەشی و بێ بنەما، ئەگەر بە بەڵگەی پێوانەکراو پشتگیری نەکرێت.
شینگ گوتی: “ئەم جۆرە قسانە رەنگە لە گفتوگۆ یان دیبەیتەکاندا قبوڵکراو بن، بەڵام کاتێک باسەکە دەگاتە سیاسەت و یاسادانان، دەبێت زنجیرەیەک بەڵگەی مادی و ئەنجامی پێوانەکراو و سەلمێندراوی واقیعی هەبێت.”
لە نێوان هۆشداری و پێشبینیدا
لارسن هەوڵیدا بە وردەکاریی زیاترەوە پێشبینییەکانی دەربارەی داهاتووی ژیریی دەستکرد لە دوو راپۆرتدا بە ناونیشانی “AI 2027” و “AI 2040” پێشکەش بکات و رێڕەوەکانی گەشەکردنی تەکنەلۆژیاکە لە چوارچێوەی جیاوازدا پیشان بدات.
سەرەڕای ئەوەش، یەکێک لە گەشبینترین سیناریۆکان، کە گریمانەی سازانی جیهانی دەکات دەربارەی چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ پەرەپێدانی ژیریی دەستکرد و دەستپێکردنی مرۆڤ بۆ داگیرکردنی بۆشایی ئاسمان، کۆتاییەکەی هەر بە دەستبەسەرداگرتنی عەقڵە ئامێرییەکان کۆتایی دێت.
کاتێک لارسن پرسیاری لێکرا دەربارەی ئەوەی چەند گومانی لەو پێشبینییەی هەیە کە رێڕەوی ئێستا بە دڵنیاییەوە بەرەو دەرکەوتنی ژیرییەکی دەستکردی باڵا دەچێت، وەڵامی دایەوە: “روو دەدات. ئەگەر هەنگاوی بە ئەنقەست و بیرلێکراوە نەگرینە بەر بۆ راگرتنی، روو دەدات.”
لە کاتێكدا تیمێک لە توێژەران پێیانوایە مەترسییە بوونییەکانی پەیوەست بە ژیریی دەستکرد شایەنی جوڵەی پێشوەختەن پێش گەیشتن بە قۆناغی بێ کۆنترۆڵ، ئەوانی دیکە پێیانوایە سیناریۆکانی ئێستا هێشتا خەیاڵین و بەڵگەی مادیی پێویستیان نییە بۆ ئەوەی وەک ئەنجامی حەتمی مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت.
لە کۆتاییدا، وادیارە ناکۆکییەکە تەنیا دەربارەی توانای ژیریی دەستکرد نییە بۆ گەشەکردن، بەڵکو دەربارەی ئەو شێوازەیە کە توێژەران بە گشتی لە داهاتووی دەڕوانن، لە نێوان ئەوەی پێیوایە گەشەکردنی خێرا دەبێتە هۆی دۆخێک کە مرۆڤ نەتوانێت کۆنترۆڵی بکات، و ئەوەی پێیوایە ئەو مەترسییانە بێ بەڵگەی سەلمێندراو دەخرێنە روو، ئەگەرەکانی کاریگەریی ژیریی دەستکرد لەسەر داهاتووی مرۆڤایەتی یەکێکە لە پڕناکۆکترین پرسەکان لە جیهانی تەکنەلۆژیادا.

هەواڵی پەیوەندیدار

توركیا… سەرکردەیەکی ئۆپۆزسیۆن ئامادەکاری بۆ دامەزراندنی پارتێکی نوێ دەکات

سەڵاح

کەشناسیی تورکیا بەهۆی بەفر و سەرمای توندەوە هۆشداری دەداتە دانیشتووانی ٦٨ شاری ئەم وڵاتە

یاسین

حاجی ئۆمه‌ران… دیمەنە جوانەكانی دوای بەفربارین

سەڵاح